پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- لە نێوانمادا هەستا بۆ وتاردان لە نزیک کانیەک بە ناوى (خوم) لە نێوان مەککە ومەدینە، وحەمد وسوپاس وستایشی خودای کرد، وئامۆژگاری…

پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- لە نێوانمادا هەستا بۆ وتاردان لە نزیک کانیەک بە ناوى (خوم) لە نێوان مەککە ومەدینە، وحەمد وسوپاس وستایشی خودای کرد، وئامۆژگاری خەڵکی کرد وبە بیری خەڵکی هێنایەوە

لە یەزیدی کوڕی حەیانەوە دەڵێت: «من و حوصەینی کوڕی سەبرە و عەمروی کوڕی موسلیم چووین بۆ لای زەیدی کوڕى ئەرقەم -ڕەزای خوای لێبێت- کاتێک لای دانیشتین، حوصەین پێی ووت: ئەی زەید تۆ چاکەى زۆرت ئەنجامداوە، پێغەمبەرت بینیووە -صلى اللە علیە وسلم-، گوێت له فەرموودەی بووه، غەزات لەگەڵ كردووه، له پشتيەوە نوێژت كردووه، بەڕاستى خێری زۆرت ئەنجامداوە، ئەی زەید بۆمان بگێڕەوە چیت له پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بیستووه، ئەویش (زەید) ووتى: ئەى کوڕبرام (والله) من تەمەنم گەوره بووه، و ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو سەردەمەدا چووە، هەندێ شتم لە یاد چووه لەوانەی کەلەبەرم كردبوو له پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-، ئەوەی پێتان دەڵێم وەریبگرن، وئەوەی باسى ناکەم زۆرم لێمەكەن، پاشان ووتى: پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- لە نێوانمادا هەستا بۆ وتاردان لە نزیک کانیەک بە ناوى (خوم) لە نێوان مەککە ومەدینە، وحەمد وسوپاس وستایشی خودای کرد، وئامۆژگاری خەڵکی کرد وبە بیری خەڵکی هێنایەوە، لە پاشاندا فەرمووی: «دوای ئەمە، ئاگاداربن ئەی ئادەميزادەكان، من مرۆڤێکم نزیکه نێردراوی خودا بێت و وەڵامى بدەمەوە، من دوو شتى گەورەتان بۆ جێدەهێڵم: یەکەميان پەیامى خودا (قورئان) كه ڕێنمایی ونووری تێدایه، دەست بە پەیامى خودا بگرن وپەیڕەوى بکەن (فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و خۆتان لە نەهی لێکراوەکانی بە دووربگرن -جێبەجێی مەکەن-)»، هانى دان بۆ پابەندبوون به قورئانەوە، پاشان فەرمووی: «بنەماڵەی من (أهل البيتي: ئەهلی بەیتی من)، خوداتان لەبیر بێت (لە کاتی مامەڵە کردن) لەگەڵ بنەماڵەی من، خوداتان لەبیر بێت (لە کاتی مامەڵە کردن) لەگەڵ بنەماڵەی من»، حوصەين پێی ووت: كێن بنەماڵەی ئەو ئەی زەید؟ خێزانەکانی بنەماڵەی ئەون نین؟ ووتى: خێزانەكانی بنەماڵەی ئەون، بەڵام لێرەدا بنەماڵەی ئەو کەسانێکن کە نابێت زەکاتیان پێبدرێت (ونابێت ئەوانیش وەری بگرن)؟ (حوصەین) ووتی: ئەوان کێن؟ (زەید) ووتى: ئالی -بنەماڵەی- عەلى وئالی عەقیل وئالی جەعفەر وئالى عەباس، (حوصەین) ووتی: هەموو ئەمانە بێبەش دەبن لە زەكات؟ (زەید) وتی: بەڵێ». لە گێڕانەوەیەکی تردا: «من دوو شتی گەورەتان بۆ جێدەهێڵم: یەکەمیان پەیامی خودا (قورئان) کە پەیمانی خودایە، هەرکەسێک شوێنی بکەوێت وپەیڕەوی بکات لەسەر هیدایەتە -لەسەر ڕێگای ڕاستە- وهەرکەسێک وازی لێبهێنێت -کردەوەى پێنەکات- ئەوا لەسەر گومڕاییە».

[صەحیحە] [موسلیم گێڕاویەتیەوە]

الشرح

یەزیدی کوڕی حەیان دەڵێت: من و حوصەینی کوڕی سەبرە و عەمروی کوڕی موسلیم چووین بۆ لای زەیدی کوڕى ئەرقەم -ڕەزای خوای لێبێت-، کاتێک لە لای دانیشتین ؛ حوصەین بە زەیدی ووت: ئەی زەید تۆ خێری زۆرت دەستکەوتووە، پێغەمبەرت بینیووە -صلى اللە علیە وسلم- وگوێت لە فەرموودەکانى بووە، و لەگەڵ ئەودا جیهادت کردووە لە پێناوى خواى گەورە، ونوێژت لە پشتیەوە کردووە؛ بەڕاستی ئەمە بەدەستهێنانى خێرێکی زۆرە، ئەی زەید هەندێک فەرموودەمان بۆ بگێڕەوە کە لە زاری پێغەمبەرەوە بیستووتە -صلى اللە علیە وسلم-، ئەویش (زەید) ووتی: ئەی کوڕ برام، والله من تەمەنم گەورە بووە، وماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو سەردەمەدا چووە، وهەندێک لەوانەى لەبەرم کردبوو لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- لە بیرم چوو، ئەوەى بۆتانی دەگێڕمەوە قبوڵی بکەن، وزۆرم لێمەکەن سەبارەت بە ئەوانەى باسی ناکەم، پاشان بۆمانى گێڕایەوە: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕۆژێکیان هەستا بۆ وتاردان لە نێو شیوێک بە ناوى (خوم) لە نێوان مەککە ومەدینە، سوپاس وستایشی خوداى کرد، ومافەکانى خودا وپەرستنی ئەو زاتە مەزنەى بیرهێنانەوە چونکە هەندێکیان بە تەواوی ئاگایان لە مافەکانى خودا نەبوو بەهۆی سەرقاڵ بوون بە خێزان ومنداڵەوە، پاشان فەرمووی: ئەی خەڵکینە ! من تەنها مرۆڤێکم نزیکە لەوەى نێردراوی خودا بێت مەبەستی فریشتەى ڕۆحکێشانە (ملک الموت) بۆ ئەوەى ڕۆحم بکێشێت ومنیش وەڵامی بدەمەوە، ومن لە پاش خۆم دوو شتی مەزنتان بۆ جێدەهێڵم، یەکەمیان قورئان کە هیدایەت ونور وڕۆشنایی تێدایە، بۆیە خۆتان پابەند بکەن بە شوێنکەوتنی ودەستی پێوە بگرن (فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و خۆتان لە نەهی لێکراوەکانی بە دووربگرن -جێبەجێی مەکەن-). پاشان فەرمووی: وئەهلی بەیتی من (بنەماڵەی من)، فەرمانتان پێدەکەم لە پێناو خواى گەورە مافەکانیان جێبەجێ بکەن دوو جار ئەمەى فەرموو، حوصەین ووتی: ئەی زەید ئەهلی بەیتی ئەو کێن؟ ئایا خێزانەکانى (هاوسەرەکانی) ئەهلی بەیتی ئەو نین؟ ئەویش (زەید) ووتی: بەڵێ، خێزانەکانى ئەهلی بەیتی ئەون کە لەگەڵیدا دەژیان وپێداویستیەکانیانی جێبەجێ دەکرد وفەرمانى پێمان کرد کە ڕێزیان لێبگرین، بەڵام ئەهلی بەیت بە شێوەیەکی گشتی ئەوانەن کە خێرکردن نابێت بدرێت پێیان (واتە حەرامە خێرکردن -صدقة- وەربگرن)، پاشان ووتی: ئەوان کێن؟ ئەویش (زەید) ووتی: بنەماڵەی عەلی و بنەماڵەی جەعفەر وبنەماڵەی عەقیل کە ئەمانە کوڕی ئەبی تاڵبن، وبنەماڵەی عەباس، هەموو ئەمانە حەرامە خێرکردنی واجب وەربگرن وەکو زەکات ونەزر وکەفارەتەکان. ولە گێڕانەوەیەکدا فەرمووی: من لە دواى خۆی دوو شتی گەورەتان بۆ جێدەهێڵم، یەکەمیان کتێبی خودا، کە پەیمانی ئەو زاتەیە، وهۆکارە بۆ گەیشتن بە ڕەزامەندی وڕەحمەت وبەزەیی خودا، وئەو ڕۆشنایی ونورەیە کە بەهۆیەوە هیدایەتی بەندە دەدات، بۆیە هەرکەسێک شوێنی بکەوێت وفەرمانى جێبەجێ بکات وخۆی بە دوور بکرێت لە نەهی لێکراوەکانى ئەوا لەسەر هیدایەتە ودوورە لە گومڕایی، وئەوەى پشت لە فەرمانەکان ونەهی لێکراوەکانى قورئان بکات ئەوا لەسەر گومڕاییە.

التصنيفات

مافەکانی ئەهلی بەیت (خێزان وبنەماڵەی پێغەمبەر ﷺ)