هەرکەسێک دەست لە ئەندامی نێرینەى بدات؛ دەبێت دەستنوێژ بگرێتەوە

هەرکەسێک دەست لە ئەندامی نێرینەى بدات؛ دەبێت دەستنوێژ بگرێتەوە

عروە دەڵێت: چووم بۆ لای مەروانی کوڕی حەکەم وباسی ئەو شتانەمان کرد ئەگەر یەکێک ئەنجامیان بدات دەبێت دووبارە دەستنوێژ بگرێتەوە، مەروان ووتی: ودەستلێدان لە ئەندامی نێرینە؟ عروە ووتی: سەبارەت بە ئەوە نازانم، مەروان ووتی: بوسرەی کچی سەفوان پێمی ووت: کە گوێی لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بوو کە فەرموویەتی: «هەرکەسێک دەست لە ئەندامی نێرینەى بدات؛ دەبێت دەستنوێژ بگرێتەوە».

[صەحیحە] [ئیبنو ماجه گێڕاویەتیەوە - نەسائی گێڕاویەتیەوە - ئیبنوداود گێڕاویەتیەوە]

الشرح

شیکردنەوەى فەرموودەکە: عروە -ڕەحمەتی خواى لێبێت- باسی ئەوە دەکات کە چوو بۆ لای مەروانی کوڕی حەکەم کاتێک ئەمیری مەدینە بوو، (وباسی ئەو شتانەمان کرد ئەگەر یەکێک ئەنجامیان بدات دەبێت دووبارە دەستنوێژ بگرێتەوە): واتا باسی ئەو شتانەیان بۆی کرد کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەى دەستنوێژ. (مەروان ووتی: ودەستلێدان لە ئەندامی نێرینە؟): واتا دەستدان لە ئەندامی نێرینە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەى دەستنوێژ؟ (عروە ووتی: سەبارەت بە ئەوە نازانم): واتا هیچ بەڵگەیەکم لە لا نییە سەبارەت بە ئەو بابەتە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووبێتی. (مەروان ووتی: بوسرەی کچی سەفوان -ڕەزای خواى لێبێت- پێمی ووت: کە گوێی لە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- بوو کە فەرموویەتی: «هەرکەسێک دەست لە ئەندامی نێرینەى بدات؛ دەبێت دەستنوێژ بگرێتەوە»)، ولە گێڕانەوەى (الترمذي)دا: (فلا يصَلِ حتى يتوضأ) واتە: (نابێت نوێژ بکات هەتاوەکو جارێکی تر -دەستنوێژێکی نوێ- دەگرێتەوە): وئەم گێڕانەوەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى دەستدان لە ئەندامی نێرینە دەستنوێژ هەڵدەوەشێنێتەوە ئەگەر بە شەهوەتەوە یان بێ شەهوەت بێت وئەگەر بە ئەنقەست یان نائەنقەست بێت، بەڵام بەمەرجێک دەستلێدانەکە ڕاستەوخۆ بێت بە بێ هیچ ناوەندێک لە نێوانیان، بەڵام ئەگەر ناوەندێک هەبوو ئەوا دەستنوێژ ناشکێت؛ واتا ئەگەر لەسەر قوماش یان جلەوە دەستی لە عەورەتی دا ئەوا دەستنوێژی ناشکێت، چونکە لە ڕاستیدا ئەمە دەستلێدان -بەرکەوتن- نییە چونکە بەرکەوتن -دەستلێدان- بریتیە لە گەیشتنی ئەندام بە ئەندام -پێست بە پێست-؛ وبەڵگەش بۆ ئەمە گێڕانەوەی (النسائي) وجگە لە ئەوە: (إذا أفْضَى أحدكم بيده إلى فَرْجِه وليس بينها سِتْر ولا حائل فليتوضأ) واتە: (ئەگەر یەکێکتان دەستی لە شەرمگەى -عەورەتی: ئەندامی نێرینە یان مێینەى- دا, وهيچ ناوەندێک لە نێوانیان نەبوو؛ ئەوا با دەستنوێژ بگرێتەوە).

التصنيفات

هەڵوەشێنەرەوەکانی دەستنوێژگرتن