ئەوە ڕزقێکە خودا پێتانی بەخشیووە؛ ئایا هیچ شتێک لە گۆشتەکەى لە لاتان ماوە پێمانی ببەخشن بۆئەوەى بیخۆین؟ هەندێک لە گۆشتەکەیمان نارد بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە…

ئەوە ڕزقێکە خودا پێتانی بەخشیووە؛ ئایا هیچ شتێک لە گۆشتەکەى لە لاتان ماوە پێمانی ببەخشن بۆئەوەى بیخۆین؟ هەندێک لە گۆشتەکەیمان نارد بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ولێی خوارد

لە ئەبی عبداللە جابری کوڕی عبداللەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئێمەی نارد بۆ جەنگ، وئەبو عوبەیدەی كرده فەرماندەمان، بەدوای کاروانى قوڕرەيشدا دەگەڕاین، توورەکەیەک خورمای پێمان بەخشی وەکو قووت (بۆ خواردن) وهیچى تری لا نەبوو بۆمان جگە لەوه نەبێت، ئەبو عوبەیدە دەنكە دەنکە خورمای دەداینێ، ووترا: ئەی ئێوه چیتان لێدەکرد؟ (جابر) ووتى: دەمانمژی ھەروەك چۆن منداڵ دەيمژێ، پاشان ئاومان دەخواردەوە بەسەریدا، ئەو ڕۆژە تا شەوەكەی بەشى دەکردین، بە دارەكانى دەستمان گەڵای دارمان دەوەراند، پاشان بە ئاو تەڕمان دەکرد ودەمانخوارد، بە كەنارى دەریایەکدا ڕۆیشتین، لەكەنارى دەریاکە تارماييەكمان بینی وەکو تەپۆڵکه وابوو كە گەیشتینه لای سەیر دەکەین گیاندارێکه پێی دەووترا (نەهەنگی عەنبەر)، ئەبو عوبەیدە ووتى: ئەوە مردووە، پاشان ووتی: نەخێر بەڵكو ئێمه نێردراوى پێغەمبەری خوداین -صلى اللە علیە وسلم- له پێناوی خودا هاتووین؛ بەڕاستى ناچارن (پێویستن بۆیە) بیخۆن، (جابر) ووتى: ئێمە كه سێ سەد كەس بووین يەك مانگ لەسەرى ماینەوە (نەهەنگەکەمان دەخوارد) هەتا قەڵەو بووین، ئێمەت ببينيايە له چاڵى چاویدا به گۆزەی گەورە ڕۆنمان هەندەگۆزى، پارچە گۆشتمان لێدەبڕی هێندەی گايەك، ئەبو عوبەیدە سیانزە پیاوی بردین و له چاڵى چاویدا داینيشاندن، پەراسوویەكى ھەڵگرت ودايچەقاند، پاشان گەورەترین وشتر كه پێمان بوو بردى بە ژێریدا (بە ژێر پەراسووەکەدا)، له گۆشتەکەی زۆرێکمان لێهەڵگرت وكردمانه توێشووی (ڕێگا) کاتێک گەڕاینەوە مەدینە، هاتينە خزمەتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وئەو باسەمان بۆی گێڕایەوە، فەرمووى: «ئەوە ڕزقێکە خودا پێتانی بەخشیووە؛ ئایا هیچ شتێک لە گۆشتەکەى لە لاتان ماوە پێمانی ببەخشن بۆئەوەى بیخۆین؟». هەندێک لە گۆشتەکەیمان نارد بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ولێی خوارد.

[صەحیحە] [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]

الشرح

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- مەفرەزەیەکی لە سوپا نارد بۆ جیهاد کردن لە پێناو خواى گەورە وئەبو عوبەیدەی كرده فەرماندە وپێشەوایان (ئەمیریان)؛ ئەمیش بۆ ڕێگری کردن لە کاروانێکی قوڕەيش کە گەنم وخۆراکیان پێبوو، توورەکەیەک خورمای پێدان وەکو قووت (بۆ خواردن) وهیچى تری لا نەبوو بۆیان جگە لەوه نەبێت، ئەبو عوبەیدە هەریەکێکیان خورمایەکی پێدەدا ئەمیش بەهۆی کەمی ئەو خۆراکەی پێیان بوو، بۆیە ئەوانیش دەیانمژی ولەگەڵ ئاودا دەیانخواردەوە بۆئەوەى بەشیان بکات وبە دارەكانى دەستیان لەو گەڵای دارانەیان دەوەراند کە وشترەکان لێیان دەخوارد پاشان گەڵاکانیان تەڕ دەکرد ودەیانخوارد چونکە وشک وزبر بوو، کاتێک گەیشتنە كەنارى دەریایەک؛ شتێکیان بینی وەکو گردێکی لم بوو، ونزیکی بوونەوە بینیان نەهەنگێکی گەورەیە پێی دەووترا (نەهەنگی عەنبەر)، ئەبو عوبەیدە نەهی لێکردن لەوەى بیخۆن چونکە مردووە، خواردنی گۆشتی ئاژەڵی مردارەبوو حەرامە بە دەقی ئایەتی قورئانی پیرۆز، پاشان ئەبو عوبەیدە ئیجیتیهادی کرد وڕای گۆڕی وڕێگەى دا بە خواردنی چونکە گۆشتی مردارەوەبوو دروستە بخورێت لە حاڵەتی پێویستدا، بە تایبەتریش لەم حاڵەتەدا چونکە ئەوان دەرچوون بۆ جیهاد کردن لە پێناو خواى گەورە (کە ئەمیش پەرستنی خواى گەورەیە) وتۆڵە سەندنەوەیە لە موشریکەکان، وحوکمی حەڵاڵی مردارەوەبووی ئاژەڵی ئاوی (کە لە نێو ئاودا دەژێت) لە لایان شاراوە بوو، پاشان پێویستی بوونیان وەکو بەڵگە هێنایەوە بۆ خواردنی وهەندێکیان وەکو قووت هەڵگرت بۆئەوەى ببێتە خواردنی ڕێگایان، وکاتێک گەڕانەوە بۆ مەدینە ئەم باسەیان بۆ پێغەمبەری خودا گێڕایەوە -صلى اللە علیە وسلم-؛ ئەویش ڕازی بوو لەسەر کارەکەیان وئەویش لە گۆشتەکەى خوارد چونکە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبووی ئاوی (کە لە نێو ئاودا دەژێت) حەڵاڵە.

التصنيفات

ئەوەی حەڵاڵ وحەرامە لە ئاژەڵ وباڵندەکان, هەڵمەت وسریەکانی پێغەمبەر ﷺ