ئەگەر بچوونایەتە نێوی، هەتا ڕۆژی قیامەت لێی دەرنەدەچوون؛ گوێڕایەڵی تەنها لە چاکەدایە

ئەگەر بچوونایەتە نێوی، هەتا ڕۆژی قیامەت لێی دەرنەدەچوون؛ گوێڕایەڵی تەنها لە چاکەدایە

لە عەلییەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلی الله علیه وسلم- لەشکرێکی بچووکی (سەرییەكی) نارد و پیاوێکی لە ئەنساڕی کردە بەرپرسیان، و فەرمانی پێکردن کە گوێڕایەڵی بکەن، (بەرپرسەکە) تووڕە بوو (لەسەر شتێک)، ووتی: ئایا پێغەمبەر -صلی الله علیه وسلم- فەرمانی پێ نەکردن کە گوێڕایەڵیم بکەن؟ ووتیان: بەڵێ. ووتی: کەواتە دارم بۆ کۆ بکەنەوە، ئەوانیش کۆیانکردەوە، پاشان ووتی: ئاگرێک بکەنەوە، ئەوانیش کردیانەوە، ئینجا ووتی: بچنە نێویەوە، ئەوانیش ویستیان بچنە نێویەوە، بەڵام هەندێکیان دەستی ئەوانی تریانیان دەگرت (بۆ ئەوەی نەچنە نێویەوە)، ودەیانووت: ئێمە لەبەر (ڕزگاربوون لە) ئاگر (ی دۆزەخ) هاتووین بۆ لای پێغەمبەر -صلی الله علیه وسلم- (وموسڵمان بووین)، بەم شێوەیە مانەوە هەتا ئاگرەکە کوژایەوە و تووڕەییەکەی (بەرپرسەکە) دامرکایەوە، کاتێک ئەم هەواڵە گەیشت بە پێغەمبەر -صلی الله علیه وسلم-، فەرمووی: «ئەگەر بچوونایەتە نێوی، هەتا ڕۆژی قیامەت لێی دەرنەدەچوون؛ گوێڕایەڵی تەنها لە چاکەدایە».

[صەحیحە] [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]

الشرح

پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- سوپایەکی نارد، و لە ئەنساڕەكان پیاوێكی کردە سەرکردەیان، و فەرمانی پێکردن کە گوێڕایەڵی بکەن، سەرکردەکە لێیان تووڕە بوو، پێی ووتن: ئایا پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- فەرمانی پێنەکردوون کە گوێڕایەڵیم بکەن؟ وتیان: بەڵێ، ووتی: منیش فەرمانتان پێدەكەم کە دار کۆ بکەنەوە و ئاگر بکەنەوە پاشان بچنە نێوی، ئەوانیش دارەکانیان کۆ کردەوە و ئاگریان کردەوە، کاتێک ویستیان بچنە نێوی، هەندێکیان سەیری ئەوانی تریانیان دەکرد. ووتیان: ئایا ئێمە شوێنی پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- نەکەوتووین مەگەر بۆ ڕاکردن لە ئاگری دۆزەخ نەبێت؟! و ئێستا بچینە نێوی؟ كاتێكی خەریكی ئەو گفتوگۆیە بوون؛ گڕی ئاگرەکە کوژایەوە، و توڕەیی سەرکردەکەیش نەما. پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- هەواڵی پێدرا سەبارەت بەم باسە، ئەویش فەرمووی: ئەگەر گوێڕایەڵیان بکردایە و بچوونایەتە نێو ئەو ئاگرەی کە هەڵیانگیرساند بوو، ئەوا ئازار و سزا دەدران تێیدا و هێندەی ماوەی دونیا لێی نەدەهاتنە دەرەوە، و گوێڕایەڵی بۆ هیچ خوڵقێنراوێک نییە ئەگەر فەرمانەكە سەرپێچی فەرمانی خوڵقێنەر بێت، گوێڕایەڵی تەنها لە چاکەدا واجبە؛ نەک لە سەرپێچیدا.

فوائد الحديث

ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە گوێڕایەڵی تەنها لە چاکەدا دەبێت و لە سەرپێچیدا (لە تاواندا) نابێت، تەنانەت ئەگەرچیش فەرمانکار لەو کەسانە بێت کە گوێڕایەڵیکردنی واجبە.

تاوانباری یەک خوا پەرست (موەحید) هەڕەشەی ئاگری لێکراوە، و لەوەیە خوای گەورە لێی خۆش بێت.

دانانی فەرماندەر (سەرکردە) لەكاتی جەنگدا؛ ڕێگەپێدراوە، هەروەها لە کاتی سەفەریشدا.

التصنيفات

ڕێگاکانی هەڵبژاردنی پێشەوا بۆ پێشەوایەتی گەورە (الإمامة الكبري), هەڵمەت وسریەکانی پێغەمبەر ﷺ