بەیعەتم پێبدەن لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەك هاوبەش بۆ الله بڕیار نەدەن، ودزی نەكەن، وزینا نەكەن

بەیعەتم پێبدەن لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەك هاوبەش بۆ الله بڕیار نەدەن، ودزی نەكەن، وزینا نەكەن

لە عوبادەی كوڕی سامتەوە -ڕەزای خوای لێبێت-، لەوانە بوو كە بەشداری جەنگی بەدریان كرد، ویەكێك بوو لەو سەركردانەی هەڵبژێردران بۆ نوێنەرایەتی هۆزەكەیان لە شەوی عەقەبەدا؛ دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- كاتێك كۆمەڵێك لە هاوەڵانی لە دەوروپشتی بوون فەرمووی: «بەیعەتم پێبدەن لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەك هاوبەش بۆ الله بڕیار نەدەن، ودزی نەكەن، وزینا نەكەن، ومنداڵەكانتان نەكوژن، وبوهتان نەكەن (بە هەموو جۆرەكانی) لە نێوان دەست وپێی خۆتاندا، ولە چاكەدا سەرپێچی نەكەن، هەركەسێك ئەمانە جێبەجێ بكات ئەوا پاداشتی لە لای الله یە، وهەركەسێك تووشی شتێك لەمانە بوو ولە دونیادا سزا درا ئەوا ئەمە كەفارەتە بۆی، وهەركەسێك تووشی شتێك لەمانە بوو پاشان خوای گەورە پۆشی ئەوا (بڕیاردان لەسەری) لە لای الله یە، ئەگەر بیەوێت لێی خۆش دەبێت وئەگەر بیەوێت سزای دەدات»، ئێمەیش بەیعەتمان پێدا لەسەر ئەم شتانە.

[صەحیحە] [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]

الشرح

عوبادەی كوڕی سامت -ڕەزای خوای لێبێت- لەوانە بوو كە بەشداری جەنگی بەدری گەورەیان كرد، ویەكێك بوو لە گەورەكانی هۆزەكەی كە دەستپێشخەریان كرد بۆ بەیعەتدان بۆ سەرخستنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە شەوی عەقەبە لە مینا -كاتێك پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە مەككە بوو پێش كۆچكردنی بەرەو مەدینە-، عوبادە دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- كاتێك لە نێو كۆمەڵێك لە هاوەڵانی دانیشتبوو داوای لێكردن پەیمانی پێبدەن لەسەر هەندیك شت: یەكەم: بە هیچ شێوەیەك هاوبەش بۆ الله بڕیار نەدەن لە پەرستنیدا؛ ئەگەرچیش كەم بێت. دووەم: دزی نەكەن. سێیەم: داوێن پیسی -زینا- نەكەن. چوارەم: منداڵەكانیان نەكوژن؛ منداڵە كوڕەكانیان نەكوژن لە ترسی هەژاری، ومنداڵە كچەكانیان نەكوژن لە ترسی شەرمەزاری. پێنجەم: بوهتان نەكەن ودرۆ هەڵنەواسن لە پێش دەست وپێیاندا؛ ناوی ئەم دوو ئەندامە هێنراوە چونكە زۆربەی كردەوە ناشیرینەكان بەم ئەندامانە دەكرێـت ئەگەرچی ئەندامەكانی تریش بەشدارن. شەشەم: لە چاكەدا سەرپێچی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەكەن. هەركەسێك پەیمانی دا وپابەندی ئەمانە بوو ئەوا پاداشتی لە لای الله یە، وهەركەسێك تووشی شتێك لەمانە بوو -جگە لە شیرك- ولە دونیادا سزا درا؛ ئەمیش بە جێبەجێكردنی سزای شەرعی لەسەری ئەوا ئەمە كەفارەتە بۆی، وگوناهەكەی لەسەر لاچووە، وهەركەسێك تووشی شتێك لەمانە بوو پاشان خوای گەورە پۆشی ئەوا بڕیاردان لەسەری لە لای الله یە، ئەگەر بیەوێت لێی خۆش دەبێت وئەگەر بیەوێت سزای دەدات، هەموو ئامادەبووان لەسەر ئەم خاڵانە پەیمانیان پێدا.

فوائد الحديث

ڕوونكردنەوەی ناوەڕۆكی (بەیعەتی یەكەمی عەقەبە) لە مەككە پێش ئەوەی جیهادیان لەسەر فەرز بكرێت.

سیندی دەڵێت: كاتێك دەفەرموێت: (لە چاكەدا)؛ شاراوە نییە كە فەرمانەكانی ئەو هەمووی چاكە وڕێی تێناچێت بە پێچەوانەوە بێت، بۆیە كاتێك دەفەرموێت: (لە چاكەدا)؛ ئاگاداركردنەوەیە سەبارەت بە هۆكاری واجبێتی گوێڕایەڵبوون وگوێڕایەڵی هیچ خوڵقێنراوێك ناكرێت لە خراپەدا، ودەبێت لە بەیعەتدا مەرجی گوێڕایەڵی لە چاكەدا بێت نەك گوێڕایەڵیەكی ڕەها.

موحەمەدی كوڕی ئیسماعیلی تەیمی وئەوانی تر دەڵێن: بە تایبەت باسی كوشتنی منداڵی كرد چونكە كوشتنە وپچڕاندنی پەیوەندی خزمایەتیە، بۆیە گرنگیدان بە نەهی كردن لێی زیاتر جەختی لەسەر دەكرێتەوە، هەروەها لەچاڵنانی كچان بە زیندووێتی وكوشتنی كوڕان لە ترسی هەژاری زۆر تەشەنەی كردبوو لە نێویاندا، هەروەها باسی كوشتنی منداڵانی كرد؛ چونكە ئەوان ناتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن.

نەوەوی دەڵێت: گشتگیری ئەم فەرموودەیە بەم ئایەتە تایبەت كراوە؛ خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ اللَّهَ ‌لَا ‌يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ} واتە: {بەڕاستی خوا خۆش نابێت گەر ھاوبەشی بۆ دابنرێ}، هەڵگەڕاوە -مورتەد- ئەگەر بكوژرێت لەسەر هەڵگەڕانەوەی؛ ئەم كوشتنە نابێتە هۆی كەفارەت بۆی.

قازی عیاز دەڵێت: ڕای زۆرینەی زانایان لەسەر ئەوەیە كە جێبەجێكردنی سزا شەرعیەكان كەفارەتن.

التصنيفات

تەوبە کردن