باشە ئێوه متمانه بە من ناكەن، لەکاتێکدا من متمانەپێكراوی ئەو زاتەم كه لە سەرووی ئاسمانەکانەوەیە، بەیانیان و ئێواران هەواڵم له ئاسمانەوە بۆ دێت

باشە ئێوه متمانه بە من ناكەن، لەکاتێکدا من متمانەپێكراوی ئەو زاتەم كه لە سەرووی ئاسمانەکانەوەیە، بەیانیان و ئێواران هەواڵم له ئاسمانەوە بۆ دێت

لە ئەبو سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خواى لێبێت- دەڵێت: عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب -ڕەزای خواى لێبێت- لە یەمەنەوە پارچە ئاڵتونێکی له نێو پارچە چەرمێکی خۆشكراو بە جەوت ڕەوانه کرد بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کە هێشتا پاڵفته نەكرابوو له خۆڵەکەی، ئەویش بەشى کرد لە نێوان چوار كەسدا (عویەینەی کوڕى بدر، ئەقرەعی کوڕی حابیس، زەید ئەلخەیل) وچوارەمیان: يان (عەلقمەیە یان عامرى کوڕی توفەيل) بوو، یەكێك له هاوەڵانی ووتى: ئێمه شایستەتر بووین بە ئەمە (ئەم بەخشینە) زیاتر لە ئەوان، ئەو قسەیە گەیشت به پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆيە فەرمووی: «باشە ئێوه متمانه بە من ناكەن، لەکاتێکدا من متمانەپێكراوی ئەو زاتەم كه لە سەرووی ئاسمانەکانەوەیە، بەیانیان و ئێواران هەواڵم له ئاسمانەوە بۆ دێت». كەچى پیاوێکی چاو بەقووڵاچووى ناوچاو قۆقزى ڕیش پڕی سەرتاشراو؛ کە جلی نیوەى خوارەوەى (ئیزارەکەى) چاک بەستبوو وهەڵیگرتبوو، ووتى: ئەی پێغەمبەری خودا له خوا بترسە، فەرمووی: «مەینەتباری بۆ تۆ، مەگەر من له هەموو دانیشتوانى سەر زەوى لە پێشتر نیم بۆ ئەوەی له خوابترسم». كابرا ڕووی وەرگێڕاو وڕۆیشت، خاليدى کوڕى وەلید ووتى: ئەی پێغەمبەری خودا نەدەم لە ملى؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «نەخێر، لەوانەیە نوێژ بکات». خالید ووتى: چەندەها نوێژخوێن هەیە بە زمان شتێك دەڵێن كە لە دڵیاندا نیيە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووى: «من فەرمانم پێنەدراوه دڵى خەڵكى بکەمەوە وسکیان هەڵبدڕم»، ئینجا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەيرى كابراى کرد كه ڕووی وەرچەرخان وڕۆیشت، وفەرمووی: «لە نەوەی ئەمە كەسانێك دەبن كه زمانیان پاراوە به خوێندنەوەى قورئان، بەڵام له گەروويان ناکاتە خوارەوە، لە دین دەردەچن وەك چۆن تير لە نیشانەكەدا دەردەچێت»، وابزانم فەرموویشى: «ئەگەر پێیان بگەم دەیانكوژم هەروەكو چۆن قەومى (سەمود) كوژران».

[صەحیحە] [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]

الشرح

عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب -ڕەزای خواى لێبێت- پارچە ئاڵتونێکی له نێو پارچە چەرمێکی خۆشكراو بە جەوت لە یەمەنەوە ڕەوانه کرد بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کە هێشتا پارچە ئاڵتونەكە پاڵفته نەكرابوو له خۆڵەکەی، گێڕەرەوەكە دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دابەشی کرد لە نێوان چوار كەسدا: عویەینەی کوڕى بدر ئەلفەزاری، وئەقرەعی کوڕی حابیسی حەنزەلی، وزەید ئەلخەیل ئەلنەبهانی، وعەلقمەی كوڕی عولاسەی عامیری، پیاوێك لە هاوەڵان ووتی: ئێمه شایستەتر بووین بە ئەمە (ئەم بەخشینە) زیاتر لە ئەوان، گێڕەرەوەكە دەڵێت: ئەم قسەیە گەیشت به پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆيە فەرمووی: «باشە ئێوه متمانه بە من ناكەن، لەکاتێکدا من متمانەپێكراوی ئەو زاتەم كه لە سەرووی ئاسمانەکانەوەیە، بەیانیان و ئێواران هەواڵم له ئاسمانەوە بۆ دێت». گێڕەرەوەكە دەڵێت: پیاوێکی كە ئەمە هەندێك لە سیفەتەكانی ڕواڵەتی بوو: چاوی بەقووڵاچوو، ونێوچەوان و وڕوومەتی دیار وبەرز وقۆقزى، وڕیشێكی چڕ وپڕ بەڵام درێژ نەبوو، وسەرتاشراو، وئیزارەكەی (جلی داپۆشەری نیوەى خوارەوەى لاشەی) چاک بەستبوو وهەڵیگرتبوو؛ ووتى: ئەی پێغەمبەری خودا له خوا بترسە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «مەینەتباری بۆ تۆ، مەگەر من له هەموو دانیشتوانى سەر زەوى لە پێشتر نیم بۆ ئەوەی له خوابترسم؟!». گێڕەرەوەكە دەڵێت: كابرا ڕووی وەرگێڕاو وڕۆیشت، خاليدى کوڕى وەلید ووتى: ئەی پێغەمبەری خودا نەدەم لە ملى؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «نەخێر، لەوانەیە نوێژ بکات»، خالید ووتى: چەندەها نوێژخوێن هەیە بە زمان شتێك دەڵێن كە لە دڵیاندا نیيە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووى: من فەرمانم پێنەدراوه دڵى خەڵكى بکەمەوە وسکیان هەڵبدڕم، بەڵكو فەرمانم پێدراوە كە بڕیار لەسەر ڕواڵەتی كاروباریان بدەم، گێڕەرەوەكە دەڵێت: ئینجا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سەيرى كابراى کرد كه ڕووی وەرچەرخان وڕۆیشت، وفەرمووی: لە نەوە وهاوەڵانی ئەمە یان لە هۆزەكەی كەسانێك دەبن كه بەهرەمەندن لە خوێندنەوەى قورئان بە دەنگی خۆشەوە، وزمانیان پاراوە بەهۆی زۆر خوێندنەوەی قورئان، بەڵام قورئان له گەروويان ناکاتە خوارەوە بۆئەوەی دڵیان لێی تێبگات وچاكی بكاتەوە، خوای گەورە ئەو كردەوەیان بەرز ناكاتەوە وقبوڵی ناكات، ولە ئیسلام دەردەچن وەك چۆن تير لە نیشانەكەدا دەردەچێت بە خێرایی وئاسانیەوە. گێڕەرەوەكە دەڵێت: وپێم وابێت فەرمووی: ئەگەر پێیان بگەم كاتێك دژی مسوڵمانان دەردەچن بە شمشێر؛ ئەوا بە سەختی دەیانكوژم هەروەكو چۆن قەومى (سەمود) كوژران.

فوائد الحديث

ئاماژەیە بۆ لەسەرخۆیی ونەرمونیانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وئارامگر بوو لەسەر ئازاردان.

جەختكردنەوە لەسەر پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وئەوەی بۆی نێردرا وەحی بوو لە لایەن الله وە.

مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی بەوەى دەرکەوتووە وئاشکرایە، وخواى گەورە نهێنیەکانیان دەزانێت.

مەزنی پلەوپایە وقەدری نوێژ، وئەوانەى نوێژ ئەنجامدەدەن ؛ ناکوژرێن مەگەر بە مافی ئیسلام.

ترسناکی خەواریج، وئەوان ئەگەر جەنگان ئەوا ڕێگەپێدراوە شەڕکردن لە دژیان ئەمیش بۆ دوورخستنەوەى زیان ومەترسیان.

نەوەوی دەڵێت: هاندانە بۆ جەنگان لە دژیان، وئاماژەیە بۆ فەزڵ وپلەوپایەی عەلی -ڕەزای خوای لێبێت- لە كوشتاری بەرامبەریان.

گرنگی تێڕامان وبیركردنەوە لە قورئان وتێگەیشتنی وكردەوە پێكردنی ودەست پێوەگرتنی.

التصنيفات

کۆمەڵ ومەزهەبە دامەزراوەکان لە کۆندا