ئاین (ئاینداری) ئاسانە، هەرکەسێک ئاینداری لەسەر خۆی گران بکات وبە زیادەڕەوی وزۆر بە توندی بیگرێت؛ ئەوا ئاینەکە کۆڵی پێدەدات

ئاین (ئاینداری) ئاسانە، هەرکەسێک ئاینداری لەسەر خۆی گران بکات وبە زیادەڕەوی وزۆر بە توندی بیگرێت؛ ئەوا ئاینەکە کۆڵی پێدەدات

لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «ئاین (ئاینداری) ئاسانە، هەرکەسێک ئاینداری لەسەر خۆی گران بکات وبە زیادەڕەوی وزۆر بە توندی بیگرێت؛ ئەوا ئاینەکە کۆڵی پێدەدات، جا بۆیە ڕێگای ڕاست بگرن وئەوەندەی بۆتان دەکرێت لە ئەنجامدانى چاکەکاری درێغی مەکەن، وموژدەتان لێبێت، وتێبکۆشن بۆ خودا پەرستی لە بەیانیان وپاش نیوەڕوان وكاتێك لە شەواندا».

[صەحیحە] [بوخاری گێڕاویەتیەوە]

الشرح

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیدەكاتەوە كە ئاینی ئیسلام لەسەر ئاسانكاری بنیات نراوە لە هەموو شتێكیدا، وئەم ئاسانكاریە زیاتر جەختی لەسەر دەكرێتەوە لەكاتی بێ توانایی وپێویستی، چونكە قووڵبوونەوە لە كاروبارە ئاینیەكاندا ودووركەوتنەوە لە نەرمونیانی سەرەنجامەكەی بێ توانایی وپچڕان دەبێت لە هەموو كردەوەكە یان هەندێكی، ، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئامۆژگاری كرد بە میانڕەو بوون وزیادەڕەوی نەكردن؛ بۆیە نابێت بەندە كەمتەرخەم بێت لەوەی فەرمانیپێكراوە، ونابێت ئەركێك بخاتە سەرشانی خۆی كە لە توانایدا نەبێت، ئەگەر نەیتوانی كردەوەكە بە كامڵی ئەنجام بدات؛ ئەوا هێندەی ئەنجام دەدات كە لە توانایدایە ولە كامڵێتی نزیك دەبێتەوە. وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدەی دا بە پاداشتی زۆر لەسەر كردەوەی بەردەوام ئەگەرچیش كردەوەكە كەم بێت دەرهەق بە ئەوانەی ناتوانن بە كامڵی ئەنجامی بدەن؛ چونكە ئەگەر خۆی هۆكار نەبێت بۆ بێ توانایی ئەوا پاداشتی كەم ناكرێتەوە. ودونیا لەڕاستیدا شوێنی سەفەركردن وگواستنەوەیە بەرەو قیامەت بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیكردووە بە بەردەوامبوون لەسەر پەرستنەكان بەتایبەتی لەو سێ كاتەی مرۆڤ تێیاندا چالاكە: یەكەم: بەیانی: بە ڕۆیشتن لە نێوان نوێژی بەیانی ودەرچوونی خۆر. دووەم: پاش نیوەڕوان: بە ڕۆیشتن لە پاش زەوال -پاش لادانی خۆر لە نیوەی ئاسمان-. سێیەم: شەوان: بە ڕۆیشتن لە هەموو شەودا یان لە هەندێكیدا، چونكە كردەوەی شەو قورسترە لە كردەوەی ڕۆژ بۆیە فەرمانیكردووە بە ڕۆیشتن لە بەشێكیدا كاتێك دەفەرموێت: (وكاتێك لە شەواندا).

فوائد الحديث

ئاسانكاری ولێبووردەیی شەریعەتی ئیسلامی، ومامناوەند بوونی لەنێوان زیادەڕەوی وكورتڕەویدا.

دەبێت بەندە فەرمانەكان جێبەجێی بكات هێندەی دەتوانێت، بەبێ شلڕەوی وبە بێ توندڕەوی.

دەبێت بەندە ئەو کاتانە هەڵبژێرێت کە تێیدا چالاکە لە پەرستندا، وئەم سێ كاتە بەتایبەتی لە ئاسانترین كاتەكانن لەسەر لاشە بۆ ئەنجامدانی پەرستن.

ئیبن حەجەری عەسقەلانی دەڵێت: وەكو ئەوە وایە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وتارەكەی بۆ ڕێبوارێك بێت بۆ مەبەستێك ئەم ڕێنموێنیانەی دەكات، وئەم سێ كاتە باشترینن بۆ سەفەر كردن، بۆیە ڕێنموێنی كرد بۆ ئەو كاتانەی تێیدا چالاكە؛ چونكە ئەگەر بە شەو وڕۆژ سەفەر بكات ئەوا ماندوو دەبێت وبەردەوام نابێت، بەڵام ئەگەر لەم كاتانەدا سەفەر بكات كە تێیدا چالاكە ئەوا بەردەوام دەبێت بەبێ ناڕەحەتی.

ئیبن حەجەر دەڵێت: لەم فەرموودەیەدا ئاماژە كراوە بۆ جێبەجێكردنی ڕوخسەتە شەرعییەكان، چونكە پێداگیری لەسەر شتێك لەكاتی بوونی ڕوخسەتدا ؛ ئەمە زیادەڕەوییە، وەكو كەسێك وایە كە واز لە تەیەموم كردن دەهێنێت لەكاتێكدا ناتوانێت ئاو بەكاربهێنێت بۆیە كاتێك ئاو بەكاردەهێنێت زیانی پێدەگات.

ئیبن مونیر دەڵێت: ئەم فەرموودەیە نیشانەیەكە لە نیشانەكانی پێغەمبەرایەتی، ئێمە وئەوانەی پێش ئێمەیش بینیمان ؛ هەركەسێك زیادەڕەوی بكات لە ئایندا ئەوا بەردەوام نابێت، مەبەست ڕێگرتن لە بەدەستهێنانی كامڵترین نییە لە پەرستنەكاندا چونكە ئەمە شتێكی چاكە، بەڵكو ڕێگرتنە لە زیادەڕەوی كە سەرەنجامەكەی بێزاریە، یان زیادەڕەوی لە سونەتەكاندا كە ببێتە هۆی وازهێنان لە باشتر، وەكو كەسێك بەدرێژایی شەو نوێژ دەكات ودواتر دەخەوێت؛ وئەمە ببێتە هۆی ئەنجام نەدانی نوێژی فەرز -نوێژی بەیانی- لەگەڵ جەماعەتدا یان لەكاتی خۆیدا پاش ئەوەی خۆر دەردەچێت.

التصنيفات

فەزڵی وجوانیەکانی ئاینی ئیسلام