خواى گەورە سەیری کەسێک ناکات کە جلەکەی بەهۆی فیزەوە (خۆبەگەورەزانینەوە) شۆڕ كردۆتەوە بۆ خوار قولە پێکانی

خواى گەورە سەیری کەسێک ناکات کە جلەکەی بەهۆی فیزەوە (خۆبەگەورەزانینەوە) شۆڕ كردۆتەوە بۆ خوار قولە پێکانی

لە ئیبن عومەرەوە -ڕەزای خوایان لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خواى گەورە سەیری کەسێک ناکات کە جلەکەی بەهۆی فیزەوە (خۆبەگەورەزانینەوە) شۆڕ كردۆتەوە بۆ خوار قولە پێکانی»

[صەحیحە] [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]

الشرح

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداریداوە سەبارەت بە شۆڕكردنەوەی جل وپۆشاك بۆ خوار قولە پێکان بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەت زیاتر نەهی لێكراوە ئەگەر بۆ لەخۆبایی وخۆبەگەورەزانین بێت، وهەركەسێك وا بكات ئەوا شایستەی هەڕەشەی توندە بەوەی خوای گەورە بە ڕەحمەتەوە سەیری ناكات لە ڕۆژی قیامەتدا.

فوائد الحديث

مەبەست لە (جل: ثوب) لێرەدا هەموو پۆشاكێكە كە بەشی خوارەوەی لاشە دابپۆشێت وەكو شەڕواڵ وئیزار وجلەكانی تر.

نەهی كردن لە شۆڕكردنەوەی جل بۆ خوار قولە پێکان؛ تایبەتە بە پیاوان، نەوەوی دەڵێت: زانایان یەكدەنگن لەسەر ئەوەی شۆڕكردنەوەی پۆشاك بۆ ئافرەتان؛ ڕێگەپێدراوە، بە سەحیحی هاتووە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوخسەتی پێیانداوە لێواری پۆشاكەكانیان یەك باڵ درێژ بكەنەوە بۆ سەر زەوی.

ئیبن باز دەڵێت: شۆڕكردنەوەی جل؛ نەهی لێكراوە وحەرامە بە ئاماژەی گشتی فەرموودەكان، بەڵام سزاكەی جیاوازە؛ مەرج نییە بۆ هەموو كەسێك یەكسان بێت، ئەوەی مەبەستی فیز وشانازی بێت وەكو ئەو كەسە نییە كە ئەمە مەبەستی نەبێت.

ئیبن باز دەڵێت: ئافرەت شەرمگەیە (دەبێت خۆی دابپۆشێت)؛ بۆیە هیچ ڕێگر نییە لەوەی بستێك پۆشاكەكەی بۆ سەر زەوی شۆڕ بكاتەوە، ئەگەر بەس نەبوو ئەوا دەتوانێت باڵێك بۆ سەر زەوی درێژی بكاتەوە وئەم شۆڕكردنەوەیە لە قولە پێوە دەستپێدەكات.

قازی عیاز دەڵێت: زانایان دەڵێن: بەشێوەیەكی گشتی هەرشتێك زیاد بێت لە پێویست وئاسایی لە جل وپۆشاكدا لە درێژی وپانی -وشۆڕی وفراوانی-؛ مەكروهە وشتێكی باش نییە، وخودا زاناترە.

نەوەوی دەڵێت: درێژی لێواری پۆشاك وشەڕواڵ سوننەتە هەتاوەكو نیوەی لاق بێت، وئەگەر لە خوارەوەی نیوەی لاق بێت هەتاوەكو قولە پێکان؛ ئاساییە، وهەر پۆشاكێك لە خوار قولە پێکانەوە بێت ئەوا لە دۆزەخدایە، بۆیە درێژكردنەوەی پۆشاك هەتاوەكو نیوەی لاق؛ سوننەتە، ودرێژكردنەوەی پۆشاك هەتاوەكو قولە پێکان؛ ڕێگەپێدراوە ومەكروهیەتی تێدا نییە، ودرێژ كردنەوەی پۆشاك بۆ خوار قولە پێیەکان قەدەغەیە ونەهی لێكراوە.

سەبارەت بەم بەشەی فەرموودەكە: (خوای گەورە سەیری ناكات)؛ ئیبن عوسەیمین دەڵێت: واتا بە ڕەحمەت ومهیرەبانیەوە سەیری ناكات، ومەبەست ئەوەیە نییە بەشێوەیەكی گشتی سەیری ناكات؛ چونكە خوای گەورە -سبحانه وتعالی- هیچ شتێكی لێ ناشاردرێتەوە وهیچ شتێك لە پێش چاوەكانی ون نابن، بەڵام مەبەست ئەوەیە بە ڕەحمەت ومیهرەبانیەوە سەیری ناكات.

التصنيفات

ئادابەکانی پۆشاکەکان (جلەکان)