إعدادات العرض
پادشایەك هەبوو لە سەردەمی پێش ئێوە، وجادووگەرێكی هەبوو
پادشایەك هەبوو لە سەردەمی پێش ئێوە، وجادووگەرێكی هەبوو
لە سوهەیبەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «پادشایەك هەبوو لە سەردەمی پێش ئێوە، وجادووگەرێكی هەبوو کاتێک جادووگەرەکە پیر بوو بە پادشای ووت: من چومەتە تەمەنەوە ومناڵێكم بۆ بنێره با فێرى جادووى بكەم، ئەویش منداڵێکى بۆ نارد تا فێرى بكات، تازە پێگەیشتووەکە لەو ڕێگایەی كه هاتوچۆى پێدا دەکرد؛ خواناسێکی گۆشەگير بەدی کردبوو ولە لای دادەنیشت، وگوێى له قسەکانى ڕادەگرت وپێى خۆش بوو، جا کاتێک دەچوو بۆ لای جادووگەرەكە بە لای خواناسەکەدا دەڕۆیشت ولە لای دادەنیشت، وبەهۆی دواکەوتنیەوە جادووگەرەکە لێی دەدا، ومنداڵەکە سكاڵای بردە لای خواناسەکە، ئەویش ووتى: ئەگەر له جادووگەرەکە ترسای بڵێ: لە ماڵەوە دوایان خستم، کاتێکیش لە ماڵەوە ترسایت بڵێ جادووگەرەكە دوای خستم، لەکاتێکدا ئەو لەسەر ئەم حاڵه بەردەوام بوو وڕۆژێکیان ھات وبینی ئاژەڵێکی گەورە ڕێی له خەڵکی گرتووە، ووتى: ئەمڕۆ دەزانم، ئایا جادووگەرەکە باشترە يان خواناسەكە؟ بەردێکی ھەڵگرت و ووتی: خوایه ئەگەر کردەوەى خواناسەكەت لەلا خۆشەویستتره له کردەوەکانى جادووگەرەکە؛ ئەم ئاژەڵە بکوژە تا خەڵکی دەربازیان بێت، وبەردەکەی تێگرت وئاژەڵەکەى کوشت وخەڵكەكە دەربازیان بوو، وپاشان ھات بۆلای خواناسەکە وئەمەی بۆ باسکرد، کابرای خواناسیش پێی ووت: ئەی کوڕى خۆم، ئەمڕۆ تۆ لە من باشترى، كارت گەیشتۆتە ئەو ڕادەيەی كه من دەیبینم، ودڵنیابه تووشى تاقیكردنەوە دەبیت، جا ئەگەر تووشی تاقیكردنەوە بوویت، هەواڵ لەسەر من نەدەیت، وبەهەمان شێوە تازە پێ گەیشتووەکە گەیشتە ئاستێک کوێری زگماگ وبەڵەکی چاك دەكردەوە، ودەرد ونەخۆشییەکانى دیکەیشی چارەسەر دەکرد، وهاوکۆڕێکی پاشا کوێر ببو وهەواڵی تازە پێگەیشتووەکەی بیست، وبه خەڵات زۆرەوە ھات بۆ لای، ووتى: هەموو ئەم دياريە بۆ تۆ ئەگەر چاكم بکەیتەوە. ئەویش ووتی: من كەس چاك ناکەمەوە، بەڵکو ھەر تەنھا خودای گەورە خەڵکی چاك دەکاتەوە، ئەگەر تۆیش باوەڕ بە خودا بهێنیت، داوات بۆ دەکەم خودای گەوره چاكت بکاتەوە، ئەویش باوەڕی به خودا هێنا وخودای گەورە شیفایدا، وپاشان کابرا چووە بۆ لای پادشا ولە لای دانیشت ھەروەك چۆن لەپێشدا دادەنیشت، پادشا پێى ووت: کێ چاوی پێدایتەوە؟ ووتی: پەروەردگارم، (پادشا) ووتى: بۆ پەروەردگارێکی ترت هەیە جگە لە من؟ ووتى: پەروەردگارى من و تۆیش ھەر الله یە، ئەویش گرتی ودەستى کرد به ئەشكەنجە دانى تاوەكو خەبەرى له منداڵەکە دا، ئینجا منداڵەکەیان هێنا، پادشا پێی ووت: کوڕە بچكۆلەی خۆم، له جادووگەريیدا گەیشتوویتە ئاستێك كه کوێر وبەڵەکى چاك دەکەیتەوە، وئەوە وئەوە دەکەیت، وکوڕە منداڵەکە ووتی: من كەس چاك ناکەمەوە، تەنھا ھەر خودای گەورە خەڵکی چاك دەکاتەوە، وئەویشى گرتی ودەستى کرد به ئەشكەنجەدانى، تا منداڵەکە هەواڵی دا سەبارەت بە کابرای خواناس، وخواناسەکەیش هێنرا وپێی ووترا: له دينەكەت پاشگەز بەرەوە، ئەویش ڕازی نەبوو، وپادشا بانگى کرد ومشار هێنرا وسەری کرا بەدوو کەرتەوە، پاشان هاو کۆڕەکەی پادشا هێنرا، وپێى ووترا: له دينەكەت پاشگەز بەرەوە ئەویش ڕازى نەبوو، وبەمشار سەری کرا بەدوو کەرتەوە، وئینجا منداڵەکەیان هێنا و پێى ووترا له دينەكەت پاشگەز بەرەوە، ئەویش ڕازی نەبوو، وپاشان دای بەدەست كۆمەڵێك له پیاوەکانی و ووتی: بیبەن بۆ سەر ئەو شاخە وسەری بخەن بەسەریدا، كه گەیشتنە لوتكەکەی شاخەکە، ئەگەر له دینەکەی پاشگەز بوویەوە باشە، ئەگەر نا فڕێيبدەنە خوارەوە، ئەوانیش بردیان وبه شاخەکەدا سەريان خست، ومنداڵەکە ووتی: خوایه چۆن دەتەوێت ئەمانەم له کۆڵبکەرەوە، وشاخەکە کەوتە لەرزین وئەوان کەوتنه خوارەوە، وئەویش هاتەوە بۆ لای پادشا، وپادشا پێى ووت: هاوەڵەکانت چییان کرد؟ ووتى: خودا له كۆڵمى كردنەوە، وئەویش دایەوە دەست چەند کەسێکی دیکه له پیاوەکانی و ووتى: بیبەن له بەلەمێکدا هەڵیبگرن تا دەگەنە ناوەڕاستى دەریاک، وئەگەر له دینەکەی پاشگەز بوویەوه باشە ئەگەر نا فڕێیبدەنە ناوى، وئەوانیش بردیان، ومنداڵەكە ووتى: خودایه چۆن دەتەوێت ئەمانەم له كۆڵبكەرەوە، وبەلەمەکە هەڵگەڕایەوە وهەموو نوقم بوون، وئەویش پاش ئەوەى دەربازی بوو هاتەوە بۆ لای پادشا، وپادشا پێى ووت: هاوەڵەکانت چییان لێهات؟ ووتى: خودا له كۆڵمى کردنەوە، وئینجا به پادشای ووت: تۆ ناتوانیت من بکوژیت، هەتا چیت پێدەڵێم ئەوه دەكەيت، ووتى: ئەوە چییە؟ ووتى: خەڵکی هەموو لە يەك گۆڕەپاندا كۆ بکەرەوە وبم بەستە بەدارێکەوە، وپاشان تيرێك دەربھێنە، وتیرەکە بخەرە ناو کەوانەکەوە وپاشان بڵێ: به ناوى خودای پەروەردگارى منداڵەکە ودوای ئەوە تیرەکەم تێبگره، ئەگەر تۆ ئەمەت کرد، ئیتر دەمكوژیت، وئەویش هەموو خەڵکی لە يەك شوێندا كۆكردەوە و لەسەر لقی دارخورمایەک منداڵەکەى بەستەوە، وپاشان تیرێکی له هەڵگرت، وخستیه ناو كەوانەکەوە، ووتى: بە ناوی خودا، پەروەردگارى منداڵەکە، وتیرەکەی تێگرت، وبەر لایەکی سەری کەوت، ومنداڵەكە مرد، وپاشان خەڵکی هەموو ووتیان: باوەڕمان هێنا به پەروەردگارى منداڵەکە، باوەڕمان هێنا به پەروەردگارى منداڵەكه، باوەڕمان هێنا بە پەروەردگارى منداڵەکە، وپیاوێک ھات بۆ لای پادشا وپێی ووت: ئايا دەزانیت ئەوەی لێى دەترسایت سوێند بە خودا ئەمڕۆ ڕوویدا، خەڵكی تازە باوەڕیان هێنا، ئەویش فەرمانى دەرکرد به چاڵ هەڵکردن لەسەر كوچە و كۆڵانەكان و ئاگریان تێدا كرایەوە وپادشاکە ووتى: ھەركەسێک له دینەکەی پاشگەز نەبوویەوه بیسوتێن، يان پێى بووترێت: خۆتی تێ فڕێبده، ئەوانیش وايان کرد، هەتاوەكو تەنانەت ژنێك ھات منداڵێكى خۆی پێ بوو، سڵى کرد وترسا لەوەی خۆی تێ فڕێدا، ومنداڵەکەی پێی ووت: دایه ئارام بگره، چونكە بەڕاستى تۆ لەسەر هەقیت».
الترجمة
العربية Bosanski English Español فارسی Français Bahasa Indonesia اردو 中文 हिन्दी Русский Tiếng Việt Magyar ქართული Kiswahili සිංහල Română অসমীয়া Hausa ไทย Português मराठी ភាសាខ្មែរ دری አማርኛ বাংলা ગુજરાતી Македонски Nederlandsالشرح
پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێمان ڕادەگەیەنێت كە لە ئومەتانی پێش ئێمە پادشایەك هەبوو، وجادووگەرێكی هەبوو، کاتێک جادووگەرەکە پیر بوو بە پادشای ووت: من چومەتە تەمەنەوە وگەنجێكم بۆ بنێره با فێرى جادووى بكەم، پادشاكە گەنجێكی بۆ نارد تا فێرى سیحری بكات، وله ڕێگای گەنجەکەدا كه هاتوچۆى پێدا دەکرد؛ خواناسێکی گۆشەگير هەبوو وگەنجەکە جارێكیان لە لای دانیشت، وگوێى له قسەکانى ڕاگرت وپێى خۆش بوو، جا کاتێک دەچوو بۆ لای جادووگەرەكە بە لای خواناسەکەدا دەڕۆیشت ولە لای دادەنیشت، بۆیە جادووگەرەکە لێیدەدا بەهۆی دواکەوتنیەوە، وگەنجەکە سكاڵای ئەمەی لای خواناسەکە کرد، وئەویش ووتى: ئەگەر له جادووگەرەکە ترسای بڵێ: لە ماڵەوە دوایان خستم، کاتێکیش لە ماڵەوە ترسایت بڵێ جادووگەرەكە دوای خستم، لەکاتێکدا ئەو لەسەر ئەم حاڵه بەردەوام بوو؛ ڕۆژێکیان بینی ئاژەڵێکی گەورە ڕێی هاتوچۆی له خەڵکی گرتووە، ووتى: دەبێ ئەمڕۆ بزانم، ئایا جادووگەرەکە باشترە يان خواناسەكە؟ بەردێکی ھەڵگرت، ووتی: خوایه ئەگەر کردەوەى خواناسەكەت لەلا خۆشەویستتره له کردەوەکانى جادووگەرەکە؛ ئەم ئاژەڵە بکوژە تا خەڵکی دەربازیان بێت، وبەردەکەی تێگرت وئاژەڵەکەى کوشت وخەڵكەكە دەربازیان بوو، وپاشان ھات بۆلای خواناسەکە وئەمەی بۆ باسکرد، وکابرای خواناس پێی ووت: ئەی کوڕى خۆم، ئەمڕۆ تۆ لە من باشترى، كارت گەیشتۆتە ئەو ڕادەيەی كه من دەیبینم، دڵنیابه تۆ تووشى تاقیكردنەوە دەبیت، وجا ئەگەر تووشی تاقیكردنەوە بوویت، هەواڵ لەمن مەدە، لە کاتێکدا تازە پێگەیشتووەکە وای لێهاتبوو کوێری زگماگ وبەڵەکی چاك دەكردەوە، ودەرد ونەخۆشییەکانى دیکەیشی چارەسەر دەکرد بە ئیزنی خودای گەورە، وهاو کۆڕێکی پادشا كه کوێر ببوو ئەمەی بیست، وبه خەڵاتێکی زۆرەوە ھات بۆ لای تازە پێگەیشتووەکە، ووتى: هەموو ئەم دياريە بۆ تۆ ئەگەر چاكم بکەیتەوە. وگەنجەکە ووتی: خۆ من كەس چاك ناکەمەوە، بەڵکو ھەر تەنھا خودای گەورە خەڵکی چاك دەکاتەوە، ئەگەر تۆیش باوەڕ بە خودا بهێنیت، داوات بۆ دەکەم خودای گەوره چاكت بکاتەوە، ئەویش باوەڕی به خودا هێنا وخوای گەورە چاكى کردەوە، وپاشان هاتەوە بۆ لای پادشا و لە لای دانیشت ھەروەك چۆن لەپێشدا دادەنیشت، وپادشا پێى ووت: کێ چاوی پێدایتەوە؟ ووتی: پەروەردگارم، وپادشا ووتى: بۆ پەروەردگارێکی ترت هەیە جگە لە من؟ ووتى: پەروەردگارى من و تۆیش ھەر الله یە. ئەویش گرتی ودەستى کرد به ئەشكەنجەدانى تاوەكو خەبەرى له گەنجەکە دا، وپاشان گەنجەکەیان هێنا، وپادشا پێی ووت: کوڕی خۆم، له جادووگەريیدا گەیشتوویتە ئاستێك كه کوێر وبەڵەکى چاك دەکەیتەوە، وئەوە وئەوە دەکەیت. وگەنجەکە ووتی: من كەس چاك ناکەمەوە، تەنھا ھەر خودای گەورە خەڵکی چاك دەکاتەوە، وئەویشى گرت ودەستى کرد به ئەشكەنجەدانى، تا گەنجەکە هەواڵی دا سەبارەت بە کابرای خواناس. وخواناسەکەیش هێنرا وپێی ووترا: له دينەكەت پاشگەز بەرەوە، ئەویش ڕازی نەبوو، وپادشا بانگى کرد وبەمشار سەری کرا بەدوو کەرتەوە. پاشان هاودەمەکەی پادشا هێنرا، وپێى ووترا: له دينەكەت پاشگەز بەرەوە ئەویش ڕازى نەبوو، وبەمشار سەری کرا بە دوو کەرتەوە. وپاشان گەنجەکە هێندرا و پێى ووترا له دينەكەت پاشگەز بەرەوە، وئەویش ڕازی نەبوو، وپادشاكە گەنجەکەی دایه دەست كۆمەڵێك له پیاوەکانی لە نێوان سێ بۆ دە كەس دەبوون. ووتی: بیبەن بۆ سەر ئەو شاخە وسەری بخەن بەسەریدا، كه گەیشتنە لوتكەکەی شاخەکە، ئەگەر له دینەکەی پاشگەز بوویەوە باشە، وئەگەر نا فڕێيبدەنە خوارەوە، ئەوانیش بردیان وبه شاخەکەدا سەريان خست. وگەنجەکە ووتی: خوایه چۆن دەتەوێت ئەمانەم له كۆڵبکەرەوە، وشاخەکە زۆر بە توندی کەوتە لەرزین وئەوان کەوتنه خوارەوە، وئەویش هاتەوە بۆ لای پادشا. وپادشا پێى ووت: هاوەڵەکانت چییان کرد؟ ووتى: خوا له كۆڵمى كردنەوە. وپادشا گەنجەکەی دایەوە دەست چەند کەسێکی دیکه له پیاوەکانی، ووتى: بیبەن له بەلەمێکدا هەڵیبگرن تا دەگەنە ناوەڕاستى دەریاكە، وئەگەر له دینەکەی پاشگەز بوویەوه باشە وئەگەر نا فڕێیبدەنە ناو دەریاكەوە. ئەوانیش بردیان، وگەنجەکە ووتى: خودایه چۆن دەتەوێت ئەمانەم له كۆڵبكەرەوە، وبەلەمەکە هەڵگەڕایەوە وهەموو نوقم بوون، وگەنجەکە هاتەوە بۆ لای پادشا. وپادشا پێى ووت: هاوەڵەکانت چییان كرد؟ ووتى: خودا له كۆڵمى کردنەوە، وپاشان گەنجەکە به پادشای ووت: تۆ ناتوانیت من بکوژیت، هەتا چیت پێدەڵێم ئەوه دەكەيت. پادشا ووتى: ئەوە چییە؟ ووتى: خەڵکی هەموو لە يەك گۆڕەپاندا كۆ بکەرەوە، وبم بەستە به دارێکەوە، وپاشان تيرێک دەربھێنە، وتیرەکە بخەرە ناو کەوانەکەوە وپاشان بڵێ: به ناوى خودای پەروەردگارى گەنجەکە، ودوای ئەوە تیرەکەم تێبگره، وئەگەر تۆ ئەمەت کرد، ئیتر دەمكوژیت، وئەویش هەموو خەڵکی لە يەك خاکدا كۆكردەوە و لەسەر لقی دارخورمایەک منداڵەکەى بەستەوە، وپاشان تیرێکی له هەڵگرت، وخستیه ناو كەوانەکەوە، ووتى: بە ناوی خودای پەروەردگارى گەنجەکە، وپاشان تیرەکەی تێگرت، وبەر لایەکی سەری کەوت ومرد. خەڵکی ووتیان: باوەڕمان هێنا به پەروەردگارى منداڵەکە، باوەڕمان هێنا به پەروەردگارى منداڵەكه، باوەڕمان هێنا بە پەروەردگارى منداڵەکە. وپیاوێک ھات بۆ لای پادشا وپێی ووت: ئايا بینیت ئەوەی لێى دەترسایت؟ سوێند بە خودا ئەمڕۆ ڕوویدا، ئەویش بریتی بوو لەوەی خەڵكی شوێنی گەنجەکە كەوتن وهەموویان باوەڕیان بە پەروەردگاریان هێنا، پاشان پادشا فەرمانى کرد به هەڵکەندنی چاڵی گەورە لەسەر كوچە وكۆڵانەكاندا وئاگریان تێدا كرایەوە، وپادشا ووتى: ھەركەسێک له دینەکەی پاشگەز نەبوویەوه فڕێی بدەنە نێویەوە، وئەوانیش ئەوەی پادشاكە فەرمانی پێكردبوو جێبەجێیان کرد، هەتاوەكو تەنانەت ژنێك ھات منداڵێكى خۆی پێ بوو، ووەستا لە شوێنی خۆی وترسا بچێتە نێو ئاگرەکەوە، ومنداڵەکەی پێی ووت: دایه ئارام بگره، چونكە بەڕاستى تۆ لەسەر هەقیت.فوائد الحديث
جەختکردنەوە لەسەر ڕێزلێنان وکەرامەت بۆ دۆستانی -وەلیەکانى- خواى گەورە، وئاماژەیش بۆی لێرەدا: کوشتنی دڕندەیەكی گەورە بەهاویشتنی بەردێک لەلایەن غوڵامەکەوە، ووەڵامدانەوەى نزا ودۆعای گەنجەکە دوو جار، وقسەکردنی کۆرپەلەکە.
ئەوەى تەوەکولی بە خواى گەورە هەبێت -سبحانه وتعالى- وتەنها پشت بە ئەو زاتە مەزنە ببەستێت؛ خواى گەورە سەرکەوتووی دەکات.
ڕوونکردنەوەى ڕێز وشەرەفمەندی ئارامگرتن وجێگیربوون لەسەر دینداری.
حیکمەت ودانایی لە فێرکاری لە سەرەتاکانی تەمەندا؛ چونکە گەنج خێراتر دەرخ دەکات تا بەتەمەن.
بەهێزی ئیمانی ئەم گەنجە، ولە ئیمانەکەی هەڵنەگەڕایەوە وتووشی گومان ودوو دڵی نەبوو.
خواى گەورە -عز وجل- وەڵامی لێقەماو دەداتەوە ئەگەر نزا ودۆعا بکات ولێی بپاڕێتەوە.
ڕێگەپێدراوە مرۆڤ خۆی تووشی تیاچوون بکات لەپێناو بەرژەوەندیەکی گشتی بۆ مسوڵمانان، وئەم گەنجە ئاماژەى بۆ پادشاکە کرد سەبارەت بەشێوازێک كە لە ڕێگایەوە دەتوانێت بیکوژێت وتیا دەچێت، ئەویش بریتیە لەوەى تیرێک بهێنێت لەنێو وبیخانە نێو کەوانەکەوە وبڵێت: بەناوى الله پەروەردگاری ئەم گەنجە.
درۆکردن لە جەنگ وهەندێک حاڵەتی تردا؛ ڕێگەپێدراوە، هەروەها بۆ ڕزگارکردنی نەفس لە تیاچوون ومردن.
ئیماندار تاقیدەکرێتەوە لەڕاستگۆیی ئیمانی وجێگیربوونی لەسەر ووتنی هەق، ئەگەرچیش بابەتەکە بگاتە ئاستی تیاچوونی.
قوربانیدان لە پێناو بانگەوازى بۆ لای خواى گەورە ودەرخستنی هەق وڕاستی.
دڵی بەندەکان بە دەستی خواى گەورەیە -سبحانه وتعالى-؛ ئەوەى بیەوێت هیدایەتی دەدات وئەوەیشی بیەوێت گومڕای دەکات، وئەم گەنجە خودا هیدایەتی دا لەکاتێکدا لەلای ساحیرێک دەی خوێند وپادشا خراپەکارەکە گرنگی پێدەدا.
ڕێگەپێدراوە بەندە داوا لە پەروەردگاری بکات -سبحانه وتعالى-؛ بۆئەوەى نیشانە وئاماژەیەکی پێ نیشان بدات کە بەهۆیەوە هەق وڕاستی دەناسێت ودڵنیایی -یەقینی- لەلا دروست دەبێت.
ئیمانداران هەموو ئەو نیعمەت وفەزڵانەى پەروەردگار پێی بەخشیووە بەکاریدەهێنن بۆ خزمەتی ئاینەکەى وبۆ بانگەوازى کردن بۆ ڕێبازەکەى.
هۆکارەکانى تیاچوونی بەندە بە دەستی خوداى گەورەیە، ئەگەر بیەوێت جێبەجێی دەکات وئەگەر بیەوێت دەیپچڕێنێت وجێبەجێ نابێت.
کافرەکان بۆئەوەی ئیمان بهێنن بەڵگە ونیشانەی زۆریان بینیووە ولێیشی تێدەگەن، بەڵام هۆکاری کافر بوونیان؛ سەرسەختی -عینادی- و خۆبەگەورەزانیە.
سەرکردە ملهوڕ وستەمكار وسەرکوتکەرەکان ئامادەن هەموو خەڵكی بكوژن لەپێناو مانەوەیان لە نێو ناز ونیعمەتی كاتی دونیادا.
خواى گەورە سزای ستەمکاران دەدات لە شوێنێکەوە کە بیریان لێ نەکردووەتەوە، خەڵکی ئیمانیان هێنا بە پەروەردگاری گەنجەکە كاتێك بینیان جێگیرە ولە بانگەشەکەیدا ڕاستگۆیە، ولە پێناو خوداى گەورە نەترسا لە لۆمەی لۆمەکاران.
کەسی تر هەیە قسەی کردووە لەکاتی کۆرپەلەییدا جگە لە مەسیح -عليه السلام-، وئەم بەسەرهاتە فەرموودەیەکی تری پێغەمبەری خودا -صلى الله عليه وسلم- شیدەکاتەوە کە دەفەرمووێت: (لم يتكلم في المهد إلا ثلاثة ـ ـ ـ) واتە: (کەس قسەی نەکردووە لە کۆرپەلەییدا بێجگە لە سیان نەبێت ـ ـ ـ)، وباسی کردن، وکۆی کردنەوە لە نەوەکانى ئیسرائیلدا وبەس.