ئەی پێغەمبەری خودا، مەڕوماڵات تیاچوون، وڕێگاکان پچڕان (هاتوچۆ کەم بوو بەهۆی نەمانی وشتر وسواریەکانى ترەوە)، داوا بکە خواى گەورە بارانمان بۆ ببارێنێت

ئەی پێغەمبەری خودا، مەڕوماڵات تیاچوون، وڕێگاکان پچڕان (هاتوچۆ کەم بوو بەهۆی نەمانی وشتر وسواریەکانى ترەوە)، داوا بکە خواى گەورە بارانمان بۆ ببارێنێت

لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: پیاوێک هاتە نێو مزگەوتەوە لە ڕۆژی جومعەدا لە دەرگایەک کە لە بەرامبەری (دار القضاء:دار ئەلقەزا) بوو، وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وتاری دەدا، بەرامبەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەستا، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، مەڕوماڵات تیاچوون، وڕێگاکان پچڕان (هاتوچۆ کەم بوو بەهۆی نەمانی وشتر وسواریەکانى ترەوە)، داوا بکە خواى گەورە بارانمان بۆ ببارێنێت، دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستی بەرز کردەوە وپاشان فەرمووی: «(اللَّهُمَّ أَغِثْنَا ، اللَّهُمَّ أَغِثْنَا ، اللَّهُمَّ أَغِثْنَا) واتە: (خودایە بێ بە هانامانەوە -بارانمان بۆ ببارێنە-، خودایە بێ بە هانامانەوە -بارانمان بۆ ببارێنە-، خودایە بێ بە هانامانەوە -بارانمان بۆ ببارێنە-)». ئەنەس دەڵێت: والله (پێش نزاکە) تەنانەت پارچەیەکی بچووکی هەوریش لە ئاسمان نەبوو، ولە نێوان ئێمە وشاخی (سەلع) هیچ خانوو وشوێنێکی بەرزکراوە نەبوو، لە پشتى چیاکە هەورێک دەرکەوت وەکو قەڵغان وابوو، کاتێک گەیشتە نیوەى ئاسمان (بە سەریانەوە) بڵاوبوویەوە وباران باری، والله یەک هەفتە خۆرمان نەبینی، لە هەفتەی داهاتوودا پیاوێک لە هەمان دەرگاوە هاتە نێو مزگەوت لە ڕۆژی جومعەتدا، وپێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- وەستابوو وتاری بۆ خەڵکی دەدا، وبەرامبەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەستا، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، مەڕوماڵات تیاچوون وڕێگاکان پچڕان، داوا لە خودا بکە با بارانەکە بگرێتەوە -بیوەستێنێت-، ئەنەس دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەستی بەرزکردەوە پاشان نزای کرد وفەرمووی: «(اللَّهُمَّ حَوَالَيْنَا وَلا عَلَيْنَا, اللَّهُمَّ على الآكَامِ وَالظِّرَابِ وَبُطُونِ الأَوْدِيَةِ وَمَنَابِتِ الشَّجَر) واتە: (ئەی خودایە، با بارانەکە بڕوات بۆ دەوروپشتمان و لەسەر ئێمە نەمێنێت، خودایە با بڕوات بەرەو شاخەکان وگردەکان ودۆڵەکان وشوێنی ڕووانی درەختەکان)»، ئەنەس دەڵێت: پاشان بارانەکە وەستا، ودەرچووین (لە مزگەوت) لە ژێر تیشکی خۆردا ڕێمان دەکرد، شورەیک دەڵێت: پرسیارم لە ئەنەس کرد: ئایا هەمان پیاوی یەکەم جار بوو، ئەویش ووتی: «نازانم».

الشرح

ئەعرابیەك چووە نێو مزگەوتی پێغەمبەرەوە -صلى الله عليه وسلم- لە ڕۆژی هەینیدا لە دەروازەیەکی ڕۆژئاوای مزگەوتەكە؛ بەرامبەر بە ماڵی عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزای خوای لێبێت-، و پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- وەستابوو وتاری دەدا، پیاوەکە ڕووی لە پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- کرد، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، ئاژەڵەکان لەناوچوون، و ڕێگاکان پچڕان بەهۆی مردنی ئەو ئاژەڵانەی کە خەڵکیان دەگواستەوە یان لەبەر لاوازییان بەهۆی برسێتییەوە، نزا بکە بۆئەوەی خوای گەورە بارانمان بۆ ببارێنێت. پێغەمبەریش -صلى الله عليه وسلم- دەستەکانی بەرز کردەوە، پاشان فەرمووی: خوایە بارانمان بۆ ببارێنە، خوایە بارانمان بۆ ببارێنە، خوایە بارانمان بۆ ببارێنە. ئەنەسی کوڕی مالیک -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: سوێند بە خودا، هیچ پارچە هەورێكمان لە ئاسماندا نەدەبینی، و هیچ ماڵ و خانوویەک نەبوو کە ڕێگر بێت لە بینینی هەورەكە؛ لە نێوان ئێمە لە نێو مزگەوتەكە و شاخی سەلع لە ڕۆژئاوای مزگەوتەكە کە هەور لەوێوە دەهات. ئەنەس -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: لە پشتی شاخەكەوە هەورێکی خڕ وەک قەڵغانێک دەرکەوت و پارچەیەكی بچووک بوو، کاتێک گەیشتە ناوەڕاستی ئاسمانی مەدینە بڵاوبوویەوە، پاشان بارانی باری، سوێند بە خودا، هەتا هەینی داهاتوو خۆرمان نەبینی بەهۆی باران بارینەوە، پاشان هەر ئەو پیاوە لە هەمان دەروازە هاتەوە ژوورەوە بۆ نێو مزگەوت، و پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- وەستا بوو وتاری دەدا، پیاوەکە بە وەستاوی ڕووی لێکرد، ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، سامانەکان لەناوچوون، و ڕێگاکان پچڕان، نزا بکە خوای گەورە بارانەکەمان لێ بگرێتەوە. دەڵێت: پێغەمبەر -صلى الله عليه وسلم- دەستەکانی بەرز کردەوە، پاشان فەرمووی: خودایە بارانەکە بە دەوروبەرماندا ببارێنە نەک بەسەرماندا، خودایە بارانەكە بڕوات بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە بەرزن لە ئاستی زەوی وەکو گرد، و شاخی بچووک، و ناخی دۆڵەکان، و شوێنی ڕووانی درەختەکان. ئەنەس دەڵێت: هەورە باراناوییەکە پچڕا، و دەرچووین لە مزگەوت و لە ژێر تیشكی خۆردا ڕێمان دەكرد.

فوائد الحديث

جێبەجێکردنی هۆکارەکان بۆ داواکردنی ڕزق: لە نزاکردن وگەڕان بەسەر زەویدا، ئەمانە پێچەوانەی تەوەکول نین بە خواى گەورە -سبحانه وتعالى-.

نزاکردن بەم نزا نەبەویە سونەتە؛ بۆ داواکردنی باران بارین.

دروستە نزای وەستانی باران بارین بکرێت ئەگەر خەڵکی تووشی زیان بوون بەهۆی باران بارینەكەوە، ونزا بکرێت بارانەکە بەرەو دەرەوەى شوێنی نیشتەجێبوون بچێت بۆ سەر گردەکان ونێو دۆڵەکان، وشوێنی تر کە شیاوە بۆئەوەى گژوگیای تێدا بڕوێت وئاژەڵ تێیدا بلەوەڕێت.

ڕێگەپێدراوە داوا بکرێت کەسێک نزات بۆ بکات لەو کەسانەى گومانى چاکێتی وتەقواداری لێدەکرێت لەوانەى زیندوون وئامادەن، ئەمە تەوەسولی دروستە، بەڵام تەوەسول بە پلەوپایەى کەسێک لە بوونەوەرەکان، زیندوو یان مردوو بێت؛ ئەمە دروست نییە، چونکە هۆکار وئامرازی شیرک وهاوبەشدانانە بۆ خواى گەورە.

ڕێگەپێدراوی تکاکردن وکزۆڵی دەربڕین لەکاتى پاڕانەوەدا ودووبارە كردنەوەی.

ڕێگەپێدراوی قسەکردن لەگەڵ وتاربێژ بەهۆی پێویستیەک.

دەرکەوتنی مەزنی توانا ودەسەڵاتی خواى گەورە لە بارینی باران وگرتنەوەى.

ئاماژەیە بۆ حیکمەت ودانایی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-؛ نزای کرد باران بارین لەسەر شوێنێکی دیاریکراو نەمێنێت کە زیانی پێدەگات، وبڕوات بۆ شوێنێکی تر کە زیانی بەرناکەوێت.

ڕێگەپێدراوە لە وتاری هەینیدا نزا بكرێت؛ بۆئەوەى باران ببارێت.

دەست بەرزکردنەوە لەکاتى نزادا؛ مانای دەربڕینی هەژاری وداواکردنی بەخشینە لەڕێگەیانەوە، وزانایان یەکدەنگن لەسەر ئەوەى سونەتە دەستەکان بەرز بکرێنەوە لەم حاڵەتەدا.

موعجیزە ونیشانەیەکە لە موعجیزە ونیشانەكانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، کە ئاماژەیە بۆ ڕاستی پێغەمبەرایەتی ئەو، دەستبەجێ نزاکەى وەڵام درایەوە وباران باری، پاشان جارێکی تر نزای کرد دەستبەجێ بارانەکە نەما.

التصنيفات

نوێژە بارانە