ئیسلام بریتیە لەوەى شاهێدی بدەیت بە (لا إله إلا الله ومحمداً رسول الله)، ونوێژ ئەنجام بدەیت وزەکات بدەیت وڕۆژووی ڕەمەزان بگریت وحەج بکەیت بۆ ماڵی خودا ئەگەر توانیت

ئیسلام بریتیە لەوەى شاهێدی بدەیت بە (لا إله إلا الله ومحمداً رسول الله)، ونوێژ ئەنجام بدەیت وزەکات بدەیت وڕۆژووی ڕەمەزان بگریت وحەج بکەیت بۆ ماڵی خودا ئەگەر توانیت

لە عومەری کوڕی خەتابەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «کاتێک دانیشتبووین لای پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- پیاوێک دەرکەوت وهاتە لامان، جلەکەی زۆر سپی وقژی زۆر ڕەش بوو بەشێوازێک وەک کەسی موسافیر دەرنەدەکەوت وکەسیش لە ئێمە نەی دەناسی هات دانیشت لە بەردەم پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وئەژنۆی چوتکرد بە ئەژنۆی ڕەسول الله وە ودەستەکانی لە سەر قاچەکانى دانا، و ووتی: ئەی موحەمەد ئیسلام چییە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئیسلام بریتیە لەوەى شاهێدی بدەیت بە (لا إله إلا الله ومحمداً رسول الله)، ونوێژ ئەنجام بدەیت وزەکات بدەیت وڕۆژووی ڕەمەزان بگریت وحەج بکەیت بۆ ماڵی خودا ئەگەر توانیت»، ووتی: ڕاست دەکەیت، (عومەر) دەڵێت: سەیر بوو بە لامانەوە، پرسیاری لێدەکرد ودەیووت ڕاست دەکەیت. پاشان پیاوەکە ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە ئیمان؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئیمان ئەوەیە باوەڕ بهێنیت بە خودا وفریشتەکانی وکتێبەکانی وپێغەمبەرانی وڕۆژی دوایی، وباوەڕت هەبێت بە قەدەر بە خێر وشەڕی»، ووتی: ڕاست دەکەیت، هەواڵم پێبدە سەبارەت بە ئیحسان (پلەی چاکەکاری لە پەرستندا)؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «خودا بپەرستیت وەکو ئەوە وابێت کە بیبینیت، هەرچەندە تۆ ئەو نابینیت بەڵام ئەو تۆ دەبینێت»، ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە کاتی ڕوودانی قیامەت (الساعة)؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەوەی پرسیاری لێکراوە زاناتر نیە لەو کەسەی پرسیار دەکات»، ووتی: هەواڵم پێبدە سەبارەت بە نیشانەکانی هاتنی قیامەت؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «(أنْ تلِدَ الأَمَةُ ربَّتَها) واتە: منداڵەکان ببن بە گەورە وسەردار بە سەر بەخێوکارەکانیانەوە ، وببینیت کە کەسانی پێ پەتی وڕووت وهەژار وشوان بینای بەرز دروست دەکەن»، پاشان پیاوەکە چوو، وعومەر دەڵێت: بۆ ماوەیەک ماینەوە پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەی عومەر دەزانیت ئەوە کێ بوو پرسیاری دەکرد؟»، ووتم: خودا وپێغەمبەرەکەی دەزانن، -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەوە جبریل بوو هات بۆ ئەوەی ئاینەکەتان فێر بکات».

[صەحیحە] [موسلیم گێڕاویەتیەوە]

الشرح

عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە جبریل -علیه السلام- هات بۆ لای هاوەڵان -ڕەزای خوایان لێبێت- لەسەر وێنەی پیاوێکی نەناسراو لە کاتێکدا کە ئەوان دانیشتبوون لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، لە سیفەتەکانى: شێوەى جبریل زۆر سپی بوو وقژێکی ڕەشی هەبوو، وشوێنەواری سەفەرکردنی پێوە دیار نەبوو لە خۆڵ‌ وتۆز، وتێکچوونی قژ وڕیش، وپیسبوونی جل، وهیچ یەکێک لەوانەى دانیشتبوون نەیانناسی، دانیشت لە بەرامبەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەکو دانیشتنی کەسێک بیەوێت فێر بێت وداوای ڕێنمایی بکات، پرسیاری ئیسلامی لێکرد، وەڵامی دایەوە بەم پایانە کە داننان بە دوو شاهێدیەکەى لە خۆگرتووە، وپارێزگاری لە نوێژەکان، ودانی زەکات بۆ ئەوانەی شایستەن، وڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان بە نیەتێکی ڕاستگۆوە، وبەجێهێنانی فەریزەی حەج بۆ ئەو کەسانەی کە دەتوانن. پرسیارکار -جبریل- ووتی: ڕاست دەکەیت، وهاوەڵان پێیان سەیر بوو کە پرسیار دەکات و وادیارە سەبارەت بە باسەکان نازانێت بەڵام دەڵێت: ڕاست دەکەیت، پاشان پرسیاری ئیمانی لێکرد، وەڵامی دایەوە بەم شەش پایە: باوەڕ بەبوونی خوای گەورە وسیفەتەکانى، و بەتاکدانانى لە کردەوەکانى وەکو خوڵقاندن، و بەتاکدانانى لە پەرستنیدا، و بەتاکدانانى لە ناو وسیفەتەکانیدا، وباوەڕ بە ئەو فریشتانەی خوای گەورە دروستی کردوون بەندەی چاک وبەڕێزن وهەرگیز سەرپێچی فەرمانەکانی خودا ناکەن، وباوەڕهێنان بە کتێبە دابەزێنراوەکان بۆ پێغەمبەران لەلایەن خوداوە؛ وەکو قورئان وئینجیل وتەورات وزەبور وهتد، وباوەڕهێنان بە هەموو پێغەمبەران کە دینی خودایان گەیاندووە؛ وەکو نوح وئیبراهیم وموسا وعیسا وکۆتایان موحەممەدە -علیهم الصلاة والسلام- وپێغەمبەرانی تر، وباوەڕهێنان بە ڕۆژی دوایی -قیامەت-، کە باوەڕ بە پاش مردن ؛ گۆڕ وژیانی بەرزەخیش دەگرێتەوە، ومرۆڤ پاش مردنی زیندوو دەکرێتەوە ولێپرسینەوەی لە گەڵدا دەکرێت، وچارەنووسی بەرەو دۆزەخ یان بەهەشت دەبێت، وباوەڕ بەوەى خواى گەورە بەپێی زانستی پێشووی وحیکمەتی قەدەری هەموو شتێکی نووسیوە، و ویستی لە ڕودانیان هەیە و خوڵقاندونی، وڕوودانیان بەو شێوەیە کە لەقەدەردا هاتووە. پاشان پرسیاری دەربارەی ئیحسان کرد، وسەروەرمان جوابی دایەوە وفەرمووی: ئیحسان واتە الله بپەرستیت وەک ئەوەی کە دەی بینیت خۆ ئەگەر بەندە الله نەبینێت ئەوا الله پێگومان بەندەکان دەبینێت پاشان پرسیاری لێکرد: کەی قیامەتە؟ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونی کردەوە کە زانیاری سەبارەت بە قیامەت لای هیچ یەکێک لە دروستکراوەکان نیە؛ نە پرسیارلێکراو و نە پرسیارکار، وتەنها الله زانستی سەبارەتی هەیە. پاشان پرسیاری لێکرد سەبارەت بە نیشانەکانی نزیکبوونەوەى قیامەت؟ ڕوونیکردەوە -صلى اللە علیە وسلم- کە لە نیشانەکانی قیامەت ئەوەیە ئەو ئافرەتانەی لە جەنگدا دەگیرێن ودەکرێن بە سەراری ومنداڵەکانیان زۆر دەبن وئەم منداڵانە دەبنە پادشا وفەرمانڕەوا، یان بە واتای ئەوە دێت کە خراپەکاری منداڵ بەرامبەر دایک وباوک زۆر دەبێت کە وەکو کەنیزەک مامەڵەیان لە گەڵ دەکەن، وئەوانەی شوانێتی دەکەن وهەژارن لە کۆتایی دونیادا ماڵ وپارەیان زۆر دەبێت ودونیا دەڕژێتە سەریان بۆیە شانازی دەکەن بە ڕازاندنەوەی بیناکان وبەرزکردنەوەیان. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەیکرد کە پرسیارکار جبریل بوو-علیه السلام- هات بۆئەوەى ئەم ئاینە پاک وبێگەردە فێری هاوەڵان بکات -ڕەزاى خوایان لێبێت-.

فوائد الحديث

ڕوونکردنەوەی ڕەوشت جوانی پێغەمبەرە -صلى اللە علیە وسلم- کە لەگەڵ هاوەڵانی دادەنیشت وئەوانیش لە گەڵی دادەنیشتن.

نەرم ونیانی بەرامبەر ئەو کەسەی کە پرسیار دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت پرسیارەکەی بکات بە بێ هیچ ناڕەحەتی وترسێک.

ئەدەب وڕەوشت جوانی بەرامبەر مامۆستا (کەسی فێرکار) وەکو جبریل -علیه السلام- کە دانیشت بەرامبەر پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دانیشتنێک کە ئەدەب وڕەوشت جوانی پێوە دیارە بەرامبەر کەسی فێرکار بۆئەوەی سوودی لێوەربگرێت.

پایەکانی ئیسلام پێنجن، وپایەکانی ئیمان شەشن.

لە کاتی باسکردنی ئیسلام وئیمان پێکەوە ئەوا ئیسلام مەبەست لێی وتە وکردەوە ئاشکراکانە، وئیمان مەبەست لێی وتە وکردەوە شاراوەکانە (وتە وکردەوەکانی دڵە).

ڕوونکردنەوەى جیاوازى پلەکانى ئاین، پلەی یەکەم: ئیسلام، پلەى دووەم: ئیمان، پلەى سێیەم: ئیحسان -ئەمیش بەرزترینیانە-.

بنەڕەت لە کەسی پرسیارکار ئەوەیە کە نازانێت، ونەزانین (جەهل) هۆکاری پرسیارکردنەکەیەتی، بۆیە هاوەڵان بەلایانەوە سەیر بوو ؛ پرسیاری دەکرد و وەڵامەکەى بەڕاست دادەنا.

دەستپێکردن بە گرنگترین بابەت پاشان گرنگترین، چونکە بە شایەتمان دەستی پێکرد لە ڕاڤەی ئیسلامدا، وبە باوەڕهێنان (ئیمان) بە خوای گەورە دەستی پێکرد لە ڕاڤەکردنی ئیماندا.

پرسیارکردن لە زانا سەبارەت بە شتێک کە کەسی پرسیارکار دەیزانێت دروستە، بۆ ئەوەی ئامادەبووان سوود وەربگرن وزانست فێربن.

کاتی هاتنی قیامەت لەو شتانەیە کە تەنها خواى گەورە دەیزانێت.

التصنيفات

عەقیدە (بیروباوەڕ)