من بە گوێرەی گومان بردنی بەندەکەمم بە من، من لەگەڵ بەندەکەمم كاتێك زیکر ویادی من دەکات

من بە گوێرەی گومان بردنی بەندەکەمم بە من، من لەگەڵ بەندەکەمم كاتێك زیکر ویادی من دەکات

لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەیگێڕێتەوە: كە پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- فەرمووی: خواى گەورەی بەرز وشکۆدار دەفەرموێت: «من بە گوێرەی گومان بردنی بەندەکەمم بە من، من لەگەڵ بەندەکەمم كاتێك زیکر ویادی من دەکات، ئەگەر لە نەفسی خۆیدا یادی من بكات؛ منیش لە نەفسی خۆمدا یادی ئەو دەكەم، ئەگەر لە كۆڕ وكۆبوونەوەیەكدا یادی من بكات؛ ئەوا من لە كۆڕ وكۆبوونەوەیەكی خێرتر لە ئەوان یادی دەكەم، ئەگەر بستێک لە من نزیک ببێتەوە ئەوا من باڵێک لە ئەو نزیک دەبمەوە، ئەگەر باڵێک لە من نزیک ببێتەوە ئەوا من چوار باڵ (باعێك) لە ئەو نزیک دەبمەوە، ئەگەر بە ڕێكردنەوە بێت بۆ لام ئەوا من بە خێراییەوە دێم بۆ لای».

[صەحیحە] [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]

الشرح

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێمان ڕادەگەیەنێت كە خوای گەورە -تبارك وتعالی- دەفەرموێت: من بەپێی گومانی بەندەكەمم بە من، ومامەڵە لەگەڵ بەندەكەم دەكەم بەپێی گومانی بە من؛ كاتێك هیوای بە من هەیە وبە ئومێدە بەوەی لێی خۆش بم، وئەوەی بەسەردا دەهێنم كە پێشبینی دەكات سەبارەت بە من لە خێر یان شتی تر؛ ومن لەگەڵ ئەوم بە ڕەحمەت وڕێنموێنی وهیدایەت وچاودێری ویارمەتیدان ئەگەر ئەو یادی من بكات. ئەگەر لە نەفسی خۆیدا بەتەنها یادی من بكات بە ووتنی (سبحان الله ولا إله إلا الله وزیكرەكانی تر)؛ ئەوا منیش لە نەفسی خۆمدا یادی دەكەمەوە. ئەگەر لە نێو كۆمەڵێكدا یادی من بكات؛ من لەنێو كۆمەڵێكی زۆرتر وچاكتر وپاكتر لە ئەوان یادی دەكەم. ئەوەی لە الله نزیك بێتەوە هێندەی بستێك؛ خودا زیادی دەكات وهێندەی باڵێك لێی نزیك دەبێتەوە. ئەگەر هێندەی باڵێك لە الله نزیك بێتەوە؛ ئەوا خودا هێندەی چوار باڵ لێی نزیك دەبێتەوە. وئەگەر بچێت بۆ لای الله بە ڕۆیشتن؛ ئەوا خودا دێت بۆ لای بە خێراییەوە. ئەگەر بەندە نزیك بێتەوە لە پەروەردگاری بە گوێڕایەڵیكردنی ونزیك بوونەوە لێی، ئەوا پەروەردگار -سبحانه وتعالی- زیاتر لێی نزیك دەبێتەوە چونكە پاداشت لە جۆری كردەوەیە. هەرچەندە بەندایەتی ئیماندار بۆ پەروەرگاری كامڵتر بێت ئەوا پەروەردگاری زیاتر لێی نزیك دەبێتەوە -سبحانه وتعالی-، بەخشینی الله وپاداشتی زیاترە لە كردەوەی بەندە وكۆششكردنی، بۆیە پاداشتی الله زۆر گەورەتر وزیاترە لە كردەوەی بەندە لە چۆنیەتی وچەندێتیدا. ئیماندار گومانی باشی بە الله هەیە، وكردەوە دەكات، وخێرایە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی زیاتر؛ هەتاوەكو دەگاتە لای الله.

فوائد الحديث

ئەم فەرموودە لەوانەیە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە پەروەردگاریەوە دەیگێڕێتەوە، وپێی دەووترێت: فەرموودەى قودسی یان خودایی -ئیلاهی-، وبێژە -لەفز- وماناکەى لە خوداوەیە، بەڵام تایبەتمەندیەکانى قورئانی تێدا نیە ؛ کە بەهۆیانەوە قورئان جیاوازە لە هەرقسەیەکی تر، لە پەرستن ئەنجامدان بەخوێندنەوەی ودەستنوێژگرتن لەکاتى خوێندنی وتەحەدا کردن پێی و موعجیزەئاسا وهتد.

ئاجوری دەڵێت: (شوێنكەوتووانی حەق بەو شێوەیە وەسفی خوای گەورە دەكەن كە ئەو وەسفی خۆی پێكردووە، وبەو شێوەی پێغەمبەرەكەی -صلى اللە علیە وسلم- وهاوەڵانی وەسفیان كردووە -ڕەزای خوایان لێبێت-، ئەمیش مەزهەبی زانایانە وئەوانەی شوێنكەوتوو بن وداهێنەر -بیدعەچی- نەبن). ئەهلی سوننە جەخت لەسەر ئەو ناو وسیفەتانە دەكەنەوە كە خوای گەورە بۆ خۆی جەختی لەسەر كردۆتەوە بەبێ لادان لە مانا ڕاستەقینەكە و بەبێ پەكخستنی مانا ڕاستەقینەكە وبە بێ لێكدانەوەی چۆنیەتی وبە بێ چواندن، ونكۆڵی لەو شتانە دەكەن كە خوای گەورە سەبارەت بە نەفسی خۆی نكۆڵی لێ كردووە، وبێدەنگن سەبارەت بەو شتانەی نكۆڵی وجەخت كردنەوە سەبارەتیان نەهاتووە، خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿لَيْسَ ‌كَمِثْلِهِ شَيْءٌ وَهُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ﴾ واتە: ﴿هیچ شتێك ھاوشێوەی خوا نیە وە ئەو بیسەری بینایە﴾.

گومانی چاك بە خوای گەورە دەبێت كردەوەی لەگەڵدا بێت، حەسەنی بەسڕی دەڵێت: ئیماندار گومانی چاكی هەیە بە پەروەردگاری بۆیە كردەوەیشی چاكە، وتاوانبار گومانی خراپی هەیە بە پەروەردگاری بۆیە كردەوەیشی خراپە.

قورتوبی دەڵێت: ووتراوە: مانای (من بە گوێرەی گومانی بەندەکەمم بە من)؛ گومانی وەڵامدانەوەیە لەكاتی نزاكردندا، وگومانی قبوڵكردنی تەوبەیە، وگومانی لێخۆشبوونە لەكاتی داواكردنی لێخۆشبوون، وگومانی پاداشتدانەوەیە بە چاكە لەكاتی پەرستنیدا بەمەرجەكانی ودەستگرتن بە پەیمانی ڕاستی، بۆیە دەبێت مرۆڤ كۆشش بكات بۆ ئەنجامدانی ئەوەی ئەركە لەسەری ودەبێت دڵنیا بێت لەوەی خوای گەورە قبوڵی دەكات ولێی خۆش دەبێت؛ چونكە پەیمانی لەسەر داوە وئەو هەرگیز پەیمان ناشكێنێت، ئەگەر باوەڕ یان گومانی وابێت كە خوای گەورە قبوڵی ناكات وئەمە سوودی بۆی نییە؛ ئەمە خودی بێ هیوا بوونە لە ڕەحمەتی الله ولە تاوانە گەورەكانە، وئەگەر بەم شێوەیە بمرێت ئەوا دەسپێردرێت بەو گومانەی هەروەكو چۆن لە هەندێك لە گێڕانەوەكاندا هاتووە: (فليظن بي عبدي ما شاء) واتە: (بەندەكەم هەرچۆنێك دەیەوێت با گومانم پێببات)، بەڵام گومانی لێخۆشبوون لەگەڵ بەردەوامی لەسەر تاوان ئەمە ئەوپەڕی نەفامی وبێ ئاگاییە.

هاندان بۆ زۆر یادكردنی خوای گەورە لە نەفسی خۆت وبە زمانت هەردووكیان پێكەوە، لە نەفس ودڵیدا لە الله دەترسێت وبیر لە مەزنی ومافەكانی دەكاتەوە، وهیوای پێیەتی وبە گەورەی دادەنێت وخۆشی دەوێت وگومانی چاكی پێی هەیە ولە كردەوە دڵسۆزە بۆی، وبە زمانی ئەم وشانە دەڵێت: (سبحان الله، والحمد لله، ولا إله إلا الله، والله أكبر، ولا حول ولا قوة إلا بالله).

ئەبی جەمرە دەڵێت: هەركەسێك یادی بكات؛ ئەگەر ترسی هەبێت ئاسایشی پێدەبەخشێت، یان دڵتەنگ وتەنها بێت ئارامی دەكاتەوە.

بست (شیبر:الشِّبْر): بریتیە لە دووری نێوان سەری پەنجە بچووكەكە وسەری پەنجە (قامكە) گەورەكەیە كاتێك ناولەپی پان دەكاتەوە، وباڵ: بریتیە لە دووری نێوان سەری پەنجەی ناوەڕاست هەتاوەكو ئێسكی ئانیشك، وباع (فاتۆم): بریتیە لە درێژی هەردوو باڵی مرۆڤ وباڵەكانی سەرەوە وپانی سینگی؛ وئەمیش هێندەی چوار باڵە.

التصنيفات

تاکبوونی خودا لە ناو و سیفاتەكانیدا, سوودەکانی یاد کردنی خوای گەورە