هەرکەسێک دەستنوێژ بگرێت بەم شێوەیەی کە من دەستنوێژم گرت، پاشان دوو ڕکات نوێژ بکات بەبێ ئەوەی لەگەڵ خۆیدا بدوێت، ئەوا خوای گەورە گوناهەكانی پێشووی خۆش دەبێت

هەرکەسێک دەستنوێژ بگرێت بەم شێوەیەی کە من دەستنوێژم گرت، پاشان دوو ڕکات نوێژ بکات بەبێ ئەوەی لەگەڵ خۆیدا بدوێت، ئەوا خوای گەورە گوناهەكانی پێشووی خۆش دەبێت

لە حومڕان (بەندەی ئازادكراو لەلایەن عوثمانەوە) دەڵێت: عوثمانم بینی داوای ئاوی کرد بۆ ئەوەی دەستنوێژ بگرێت، لە دۆلكەكەوە ئاوی کردە سەر دەستی وسێ جار شۆردی، پاشان دەستی ڕاستی کردە نێو ئاوەکەوە وئاوی ڕادایە ناو دەمیەوە و دەری کرد (تمضمض) وپاشان ئاوی هەڵمژیە نێو لووتی (استنشق) و دەری کرد -فنی کرد- (استنثر)، پاشان سێ جار دەموچاوی شۆرد، وهەردوو دەستی شۆرد هەتاوەکو ئانیشکی (ئانیشیکشی شۆرد) ؛ سێ جار، پاشان دەستی تەڕکرد وسەری مەسح كرد (هەردوو گوێشی مەسحكرد بەو ئاوەی کە مەسحی سەری پێکرد هەروەکو لە فەرموودەدی تردا هاتووە)، پاشان هەر پێیەكی سێ جار شۆرد، پاشان ووتی: پێغەمبەرم بینی -صلى اللە علیە وسلم- بەم شێوەیەی من ئەنجامم دا دەستنوێژی دەگرت وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «هەرکەسێک دەستنوێژ بگرێت بەم شێوەیەی کە من دەستنوێژم گرت، پاشان دوو ڕکات نوێژ بکات بەبێ ئەوەی لەگەڵ خۆیدا بدوێت، ئەوا خوای گەورە گوناهەكانی پێشووی خۆش دەبێت».

[صەحیحە] [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]

الشرح

عوسمان -ڕەزای خوای لێبێت- چۆنیەتی دەستنوێژگرتنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-ی فێركرد بەشێوەیەكی كرداری ؛ بۆئەوەی ڕوونتر بێت بۆ تێگەیشتن، بانگی کرد کە دۆلکەیەک ئاوی بۆ بهێندرێت ؛ سێ جار ئاوی کردە سەر دەستی، پاشان دەستی ڕاستی كردە نێو دۆلكەكە وئاوی بەچنگی دەستی هێنا وخستیە نێو دەمی -ئەملاوئەولای پێكرد (غەڕغەڕەی بەئاوەكە كرد)- ودەری كرد، دواتر بەهەناسە ئاوی هەڵمژیە نێو لووتی وپەرشی كرد، پاشان سێ جار ڕووی شۆرد، ئینجا دەستەكانی شۆرد هەتاوەكو ئانیشكی (ئانیشكیشی شۆرد)، پاشان بە دەستە تەڕەكانی سەری مەسحكرد ؛ یەك جار، پاشان پێیەكانی شۆرد هەتاوەكو گوێزنگەكان (گوێزنگەكانیشی شۆرد). كاتێك دەستنوێژگرتنی تەواو كرد ؛ پێیانی ووت كە ئەو پێغەمبەری بینیووە -صلى اللە علیە وسلم- بەم شێوەیە دەستنوێژی گرتووە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدەی پێیاندا كە هەركەسێك وەكو ئەو دەستنوێژ بگرێت، پاشان دوو ڕكات نوێژ بكات ؛ بە خشوع وئامادەبوونی دڵ لەپێش پەروەردگار، ئەوا خوای گەورە پاداشتی دەداتەوە لەسەر ئەم دەستنوێژە ڕێك ونوێژە دڵسۆزە بە لێخۆشبوون لە هەموو گوناهەكانی پێشووی.

فوائد الحديث

موستەحەبە (سونەتە) هەردوو دەستەكان بشۆردرێن پێش ئەوی بخرێنە ناو دۆلكەكەوە لە سەرەتای دەستنوێژدا ؛ ئەگەر لە خەویش هەڵنەستا بوو، بەڵام ئەگەر تازە لە خەو هەستا بوو ئەوا واجبە کە هەردوو دەستی بشوات پێش ئەوەی دەستی بخاتە ناو دۆلكەكەوە (یان تەشتەکەوە یان هەرشتێکی تر کە ئاوی تێدا دەردەهێنێت).

پێویستە کەسی فێرکار چاكترین وئاسانترین ڕێگا بگرێتە بەر بۆ فێرکردن کە ببێتە هۆی تێگەیشتن وجێگیر بوونی زانست لە دڵ ومێشکی فێرخوازدا، لەو ڕێگایانەش: فێركردن بە كردەوە.

ئەوەی دەیەوێت پەرستنێک لە پەرستنەکان ئەنجامبدات ؛ دەبێت پێش ئەنجامدانی ئەوپەڕی هەوڵبدات ئەو باسانە لە خۆی دوور بخاتەوە کە پەیوەندیان بە دونیاوە هەیە، كامڵی وچاكی نوێژ لەوەدایە دڵ تێیدا ئامادە بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ناتوانێت هەموو بیركردنەوەیەك لەخۆی دووربخاتەوە، بۆیە دەبێت جیهاد وکۆششی نەفسی خۆی بكات وبەردەوام نەبێت لەسەر خەیاڵ ڕۆیشتن لەگەڵ ئەو بیركردنەوانە.

سونەتە کە بەلای ڕاست دەستپێبکرێت لە کاتی دەستنوێژگرتن وشۆردنی ئەندامەکاندا.

شوێنكەوتنی ئەوەی ڕێگەپێدراوە سەبارەت بە ڕیزبەندی کردن، كە بەم شێوەیە: 1/(التمضمض): ئاو ڕدانە دەم بەدەستی ڕاست وئەملاوئەولا پێکردنی ئاوەکە لەدەمدا بۆئەوەی پاشماوەکانی نێو دەم بێتە دەرەوە ؛ پاشان هێنانە دەرەوەی ئاوەكە. 2/(الاستنشاق): ئاو هەڵمژینە نێو لووت بۆئەوەی پیسیەکان بێتە دەرەوە. 3/(الاستنثار) هێنانە دەرەوەی ئەو ئاوەی هەڵیمژیە نێو لووتی بە دوو پەنجەی دەست.

سونەتە ؛ ڕوو ودەستەكان وپێیەكان سێ جار بشوات، وشۆردنیان یەك جار ؛ واجبە.

لێخۆشبوون لەگوناهەكانی پێشوو ؛ سەرەنجامی کۆی هەردوو کردەوەکەیە، ئەوانیش: دەستنوێژگرتن ونوێژكردن بەو سیفەت وشێوەی کە لە فەرموودەكەدا باسکراوە.

هەموو ئەندامەكانی دەستنوێژ سنووریان هەیە، سنووری ڕوو بریتیە لە: شوێنی دەرچوونی موو لەسەرەوەی نێوچەوان لەكەسی ئاسایی هەتاوەكو شوێنی درێژبوونەوەی ڕیش ؛ بەدرێژی، ولە گوێ بۆ گوێیەكەی تر ؛ بەپانی، وسنووری دەستەكان بریتیە لە: سەرەپەنجەكانەوە هەتاوەكو ئانیشكەكان -ئانیشكەكانیش دەگرێتەوە-، وسنووری سەر بریتیە لە: شوێنی دەرچوونی موو لەسەرەوەی نێوچەوان و لەلایەكانی ڕوو لەكەسی ئاسایی ؛ هەتاوەكو سەرەوەی مل لەپشتەوە، وهەروەها مەسحكردنی گوێیەكان بەشێكە لەمەسحكردنی سەر، وسنووری پێیەكان بریتیە لە: هەموو پێ لەگەڵ قاپەڕەكەكانیش كە دەكەوێت نێوان پێ ولاق -دەبێت قاپەڕەقەكانیش بشوات-.

التصنيفات

سیفەتی دەستنوێژگرتن