بە دوای ڕێبازە ڕاستەکە بگەڕێن ولێی نزیک بنەوە، وبزانن کە هیچ یەکێک لە ئێوە بە کردەوەی خۆی ڕزگاری نابێت

بە دوای ڕێبازە ڕاستەکە بگەڕێن ولێی نزیک بنەوە، وبزانن کە هیچ یەکێک لە ئێوە بە کردەوەی خۆی ڕزگاری نابێت

لە ئەبی هوڕەیڕەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- دەفەرموێت: «بە دوای ڕێبازە ڕاستەکە بگەڕێن ولێی نزیک بنەوە، وبزانن کە هیچ یەکێک لە ئێوە بە کردەوەی خۆی ڕزگاری نابێت»، ووتیان: تەنانەت تۆیش ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: «تەنانەت منیش، مەگەر خوای گەورە بە ڕەحمەت وفەزڵی خۆی دامبپۆشێت».

[صەحیحە] [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]

الشرح

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هانی هاوەڵان دەدات بۆ ئەنجامدانی كردەوەی چاك، ولە خودا ترسان هێندەی دەتوانن بەبێ زیادەڕەوی و بەبێ كورتڕەوی، وبە كردەوەكەیان مەبەستیان پێكانی ڕاستی بێت ئەمیش كاتێك دێتە دی كە دڵسۆزی بۆ الله ی تێدا بێت لەگەڵ شوێنكەوتنی سوننەت، هەروەها بۆئەوەی كردەوەكەیان قبوڵ بێت وهۆكار بێت بۆ دابەزینی ڕەحمەت بەسەریاندا. پاشان پێیانی ڕاگەیاند كە هیچ یەكێك تەنها بە هۆی كردەوەكانی خۆی ڕزگاری نابێت؛ بەڵكو دەبێت ڕەحمەتی الله ی لەگەڵدا بێت. ووتیان: تەنانەت تۆیش ئەی پێغەمبەری خودا، كردەوەكانت ڕزگارت ناكەن هەرچەندە زۆر وگەورەن؟ فەرمووی: نەخێر، تەنانەت منیش مەگەر خوای گەورە بە فەزڵ وڕەحمەتی خۆی دامبپۆشێت.

فوائد الحديث

نەوەوی دەڵێت: (بە دوای ڕێبازە ڕاستەکە بگەڕێن ولێی نزیک بنەوە)؛ بەدوای ڕێگا ڕێك وتەواوەكە بگەڕێن، وكردەوەی پێبكەن، ئەگەر نەتانتوانی ئەمە بكەن، ئەوا (لێی نزیك بنەوە)؛ هێندەی دەتوانن، (ڕێبازی ڕاست -السداد-)؛ واتا چاكترین ڕێگا، ئەمیش لەنێوان زیادەڕەوی وكورتڕەویدایە، بۆیە زێدەڕۆ وكەمتەرخەم مەبن.

ئیبن باز دەڵێت: كردەوە چاكەكان هۆكاری چوونە بەهەشتن، هەروەكو چۆن كردەوە پیسەكان هۆكاری چوونە دۆزەخن، فەرموودەكە ڕوونیدەكاتەوە كە چوونە بەهەشتیان تەنها بە هۆی كردەوە نییە، بەڵكو دەبێت لێبووردەیی وڕەحمەتی الله ی لەگەڵدابێت -سبحانه وتعالی-، ئەوان چوونە بەهەشتەوە بەهۆی كردەوەكانیان، بەڵام ڕەحمەت ولێبووردەیی ولێخۆشبوونی پەروەدگار -سبحانه وتعالی- چوونە بەهەشتی بۆیان مسۆگەر كرد.

بەندە هەرگیز تووشی خۆبەگەورەزانین وسەرسامبوون نابێت بە نەفسی خۆی هەرچەندە کردەوەکەیشی گەورە بێت؛ چونکە مافى پەروەرگار گەورەترە لە کردەوەکەى، بۆیە بەندە دەبێت بترسێت وهیواى بە ڕەحمەتی خواى گەورە هەبێت لە هەمان کاتدا.

فەزڵی خواى گەورە وڕەحمەتی بەرامبەر بە بەندەکانى فراوانتر وزۆرترە لە کردەوەکانى بەندەکان.

کردەوە چاکەکان تەنها هۆکارن بۆ چوونە بەهەشت، وبردنەوە وچوونە بەهەشت لە ڕاستیدا بە فەزڵ وڕەحمەتی خواى گەورەیە.

كیرمانی دەڵێت: هەموو خەڵكی ناچنە بەهەشتەوە مەگەر بە ڕەحمەتی الله نەبێت، وباسكردنی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەتایبەتی لەم فەرموودەیەدا؛ لەو ڕوانگەوەیە كە ئەگەر ئەو بۆی مسۆگەر كرابێت كە دەچێتەوە بەهەشتەوە وناچێتە نێویەوە مەگەر بە ڕەحمەتی الله نەبێت؛ ئەوا جگە لە ئەو ئەم مانایەی زیاتر بەسەردا جێبەجێ دەبێت.

نەوەوی دەڵێت: سەبارەت بە مانای ئەم ئایەتانەی كە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿ادْخُلُوا الْجَنَّةَ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ﴾ واتە: ﴿چنە بەھەشتەوە بەھۆی ئەوەی کە دەتانکرد (لە دونیادا)﴾ [النحل: 32]، ﴿وَتِلْكَ الْجَنَّةُ الَّتِي أُورِثْتُمُوهَا بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ﴾ واتە: ﴿وئەوە ئەو بەھەشتەیە کە بۆ ئێوە ماوەتەوە (پێتان دراوە) بەھۆی ئەو کردەوانەی کە دەتانکرد﴾ [الزخرف: 72]، وهاوشێوەی ئەم ئایەتانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كردەوەكان هۆكارن بۆ چوونە بەهەشت، وپێچەوانەی ئەم فەرموودانە نین، بەڵكو مانای ئایەتەكان ئەوەیە كردەوەكان هۆكارن بۆ چوونە بەهەشت، پاشان ڕێنموێنی كردن بۆ ئەنجامدانی كردەوەكان ودڵسۆزبوون تێیدا وقبوڵكردنی هەموو ئەمانە بەڕەحمەت وفەزڵی الله یە -سبحانه وتعالی-، بۆیە ڕاستە كە تەنها بەهۆی كردەوەی نەچووە بەهەشت، ئەمە مەبەستە لە فەرموودەكان، هەروەها ڕاستیشە كە بە هۆی كردەوەكان چووە بەهەشتەوە؛ ئەمیش لە ڕەحمەتی خوداوەیە.

ئیبن جەوزی دەڵێت: ئەمە ئاماژە بۆ چوار سەرەنجام دەكات: یەكەم: ڕێنموێنی كردن بۆ كردەوە لە ڕەحمەتی خوداوەیە، ئەگەر ڕەحمەتی الله نەبێت لەپێشدا ئەوا باوەڕی نەدەبوو وپەرستنی ئەنجام نەئەدا كە بەهۆیانەوە ڕزگاری دەبێت. دووەم: ئەو شتانەی بەندە سوودی لێوەردەگرێت گەورەكەی خاوەنێتی؛ بۆیە كردەوەكانی شایستەیە بۆ گەورەكەی -بۆ پەروەردگاری- بێت، بۆیە پەروەردگاری هەرچەندە پاداشتی پێببەخشێت لە فەزڵی خۆیەتی. سێیەم: لە هەندێك فەرموودەدا هاتووە كە خودی چوونە بەهەشت بە ڕەحمەتی الله یە، دابەشكردنی پلەكان بەپێی كردەوەكانە. چوارەم: ئەنجامدانی پەرستنەكان لە ماوەیەكی دیاریكراوە، وپاداشت نەبڕاوەیە بۆیە بەخشینی نیعمەت كە نەبڕاوەیە وەكو پاداشتێك بەرامبەر ئەوەی دیاریكراوە؛ ئەمە فەزڵ وبەخشندەییە نەك بەرامبەر بە كردەوەكان بێت.

رافیعی دەڵێت: ئەوەی كردەوە ئەنجامدەدات نابێت تەنها پشت بە كردەوەكەی ببەستێت بۆ ڕزگاربوون و بەدەستهێنانی پلە بەرزەكان؛ چونكە ئەو بەهۆی ڕێنموێنی الله كردەوەی ئەنجامدا و وازی لە سەرپێچی هێنا بەهۆی پاراستنی الله وە، بۆیە هەموو ئەمانە لە فەزڵ وڕەحمەتی خوداوەیە.

التصنيفات

تاکبوونی خودا لە ناو و سیفاتەكانیدا