إعدادات العرض
خودا پێشینان وپاشينانی خەڵكی لە یەک دەشتدا کۆ دەکاتەوە، بانگكارێک بانگیان بكات هەمويان گۆێ بیستی دەبن، وئەگەر سەیریان بکەیت هەموویان دەبینیت، خۆر لێیان نزيک…
خودا پێشینان وپاشينانی خەڵكی لە یەک دەشتدا کۆ دەکاتەوە، بانگكارێک بانگیان بكات هەمويان گۆێ بیستی دەبن، وئەگەر سەیریان بکەیت هەموویان دەبینیت، خۆر لێیان نزيک دەبێتەوە، خەڵكی تووشی خەم وپەژارە وتەنگانەیەك دەبن نه وزەیان لەبەردا دەمێنێت ونه بەرگەی دەگرن
لە ئەبو هوڕەیڕەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: ڕۆژێكیان هەندێك گۆشتیان هێنا بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، ودەستی سەربڕاوەکەی پێشكەشكرا؛ كە حەزی لێدەكرد، بۆیە بەشێكی لێی خوارد، پاشان فەرمووی: «من گەورە وسەرداری خەڵكیم لە ڕۆژی قیامەتدا، ئایا دەزانن ئەوە بە هۆی چییەوە؟ خودا پێشینان وپاشينانی خەڵكی لە یەک دەشتدا کۆ دەکاتەوە، بانگكارێک بانگیان بكات هەمويان گۆێ بیستی دەبن، وئەگەر سەیریان بکەیت هەموویان دەبینیت، خۆر لێیان نزيک دەبێتەوە، خەڵكی تووشی خەم وپەژارە وتەنگانەیەك دەبن نه وزەیان لەبەردا دەمێنێت ونه بەرگەی دەگرن، خەڵكی دەڵێن: ئايا نابینن لە چی تەنگانەیەك داین، بڕوانن بەڵکو کەسێك بدۆزینەوە لای پەروەردگارتان شەفاعەتتان بۆ بکات؟ هەندێك لە خەڵكی دەڵێن: بگەنە لای ئادەم، ودەچن بۆ لای ئادەم -علیه السلام- وپێی دەڵێن: ئەى ئادەم، تۆ باوكی هەموو ئادەميزادى، خودا بە دەستەکانى خۆی دروستی كردوویت. وڕۆحی خۆی بەبەردا کردویت^، وفەرمانى بە فریشتەكان کرد کڕنووشيان بۆ بردیت، تکا وشەفاعەتمان بۆ بکە لە لای پەروەردگارت، ئايا نابينى لە چی حاڵێكداین، ئایا نابینی چيمان بەسەر هاتووه؟ ئادەم دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، خودا نەهی لێ کردم كه لەو درەختە بخۆم، بەڵام سەرپێچی فەرمانى ئەوم کرد، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، بڕۆن بۆ لای نوح، ئینجا دەچنە خزمەتی نوح پێی دەڵێن: ئەی نوح، تۆ یەکەم پێغەمبەری کە خودا ڕەوانەی کردیت بۆ خەڵکی سەر زەوی، خودا بە بەندەیەکی سوپاسگوزار ناوی هێناویت، بۆیە تکا وشەفاعەتمان بۆ بکە لە لای پەروەردگارت؟ ئايا نابينى لە چی حاڵێكداین؟ نوحیش پێیان دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، ونزایەكی گیراوم پێبەخشرا وئەو نزايەم لەسەر گەلەکەی خۆم کرد، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، بچن بۆ لای ئیبراهيم ئەوانیش دەچن بۆ خزمەتی ئیبراهیم ودەڵێن: ئەی ئیبراهیم، تۆ لە هەمان کاتدا پێغەمبەر وخۆشەویستی خودایت لە نێو خەڵكی سەر زەویدا، بۆیە تکا وشەفاعەتمان بۆ بکە لە لای پەروەردگارت؟ ئايا نابينى چيمان بەسەر هاتووه؟ ئیبراهیم پێیان دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، (من سێ درۆم کردووە)^^، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، بڕۆن بۆ لای كەسێكی تر، بچن بۆ لای موسا، دێن بۆ خزمەتی موسا وپێی دەڵێن: ئەی موسا، تۆ پێغەمبەر ونێردراوی خودایت، خودا فەزڵی تۆی داوە بەسەر خەڵکیدا بەهۆی ناردنی پەیامی لە ڕێگەی تۆوە وگفتوگۆکردنى لەگەڵ تۆدا، بۆیە تکا وشەفاعەتمان بۆ بکە لە لای خواى پەروەردگارت؟ ئايا نابينى لە چی حاڵێكداین؟ موسا پێیان دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، من لەخۆمەوە پیاوێكم كوشت، لەكاتێكدا خودا فەرمانى پێنەكردبووم كە بيكوژم، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، بڕۆن بۆ لای کەسێكی تر، بڕۆن بۆ لای عيسای كوڕی مەریەم، دەچن بۆ لای عیسا ودەڵێن: ئەی عيسا تۆ پێغەمبەریی خودای بەهۆی فەرمودەی موبارەکی تۆی دروست کرد لە ناو سکی مەریەمدا، وڕۆحێکیت لە لایەن خوداوە)~، وهەروەها بە ساوایی لە بێشكەدا قسە وگفتوگۆت لەگەڵ خەڵکیدا کردووە، بۆیە تکا وشەفاعەتمان بۆ بکە لە لای خواى پەروەردگارت؟ ئايا نابينى لە چی حاڵێكداین؟ عیسا پێیان دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، نەفسی خۆم، بچن بۆ لای موحەممەد، دێن بۆ خزمەتی موحەممەد ودەڵێن: ئەی موحەممەد تۆ پێغەمبەری خودایت وکۆتا پێغەمبەریت، وخواى گەورە لە گوناهەکانى پێشوو وداهاتووت خۆش بووە، بۆیە تکا وشەفاعەتمان بۆ بکە لە لای خواى پەروەردگارت؟ ئايا نابينى لە چی حاڵێكداین؟ پێغەمبەر دەفەرمووێت: پاشان دەچم بۆ ژێر عەرش، وسوجدە دەبەم بۆ پەروەردگارم، پاشان خواى گەورە زەینم دەکاتەوە وئیلهامی ووتنی هەندێک حەمد وسوپاس وستایشکردنم پێدەبەخشێت کە پێشتر بە هیچ کەسێکی نەبەخشیووە، پاشان پێی دەوترێت: ئەی موحەممەد سەرت بەرز بکەرەوە، داوا بکە پێت دەبەخشرێت، وشەفاعەت وتکا بکە شەفاعەتەکەت بۆ جێبەجێ دەکرێت، بۆیە منیش سەرم بەرز دەکەمەوە، ودەڵێم: ئومەتەکەم ئەی پەروەردگار، ئومەتەکەم ئەی پەروەردگار، ئومەتەکەم ئەی پەروەردگار. پاشان پێی دەوترێت: ئەی موحەممەد، ئەوانەی هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێناکرێت لە ئومەتەكەت لە دەرگای ڕاستی بەهەشتەوە بیانبە بەرەو بەهەشت، وئەوان هاوبەشی خەڵکی ترن لە دەرگاکانى تریشدا، پاشان فەرمووی: سوێند بە ئەوەى کە نەفسی منی بەدەستە، مەسافەی یەک دەرگا لە دەرگاکانى بەهەشت وەکو دووری نێوان مەککە وحیمیەر -یان نێوان مەككە وبوسرا- وایە».
الترجمة
العربية Bosanski English فارسی Français Bahasa Indonesia Русский اردو 中文 हिन्दी Tiếng Việt Español Português සිංහල Kiswahili অসমীয়া ગુજરાતી Nederlands Hausa മലയാളം Română Magyar ქართული Moore ไทย Македонски తెలుగు मराठी ਪੰਜਾਬੀ دری አማርኛ বাংলা Malagasyالشرح
پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەگەڵ هاوەڵانی بوو لە دەعوەتییەکدا، وگۆشتی باڵی مەڕی پێشكەشكرا لە کاتێکدا پەسەندترین گۆشت بوو بەلایەوە، وپارچەیەک لە گۆشتەکەی بەسەری ددانەکانی پچڕی وپاشان قسەی بۆیان كرد، وفەرمووی: من گەورە وسەرداری نەوەكانی ئادەمم لە ڕۆژی قیامەتدا، ئەمەیشی فەرموو وەک باسکردنی نیعمەتەكانی خوای گەورە بەسەریەوە. پاشان فەرمووی: دەزانن بۆچی؟ فەرمووی: خەڵكی لە ڕۆژی قیامەتدا كۆ دەكرێنەوە لەسەر یەك زەوی پان وتەخت وفراوان، وئەوەی لەسەر ئەو خاكەیە بانگكارێك بانگ بكات دەیبیستن وئەوەی سەیر بكات هەموویان دەبینێت وهیچی لێ ناشاردرێتەوە؛ چونكە زەویەكە تەختە وهیچ شوێنێكی تێدا نییە بۆئەوەی یەكێك خۆی تێدا بشارێتەوە، وهەموویان وەكو یەك دەبینرێن، وئەگەر کەسێک قسە بكات؛ كۆتا كەس گوێی لێدەبێت، وهەمووان لە دیارن ولەپێش چاو ون نابن، وخۆر نزیك دەبێتەوە لە خوڵقێنراوەكان بە ئەندازەی یەك میل، تووشی ناڕەحەتی وغەم وخەفەتێكی زۆر دەبن وچیتر ئارام ناگرن وتوانایان نامێنێت، بۆیە بەدوای ڕزگاربووندا دەگەڕێن لەڕێگای شەفاعەت كردنەوە. خوای گەورە ڕێنموێنی ئیمانداران دەكات بۆئەوەی بچن بۆ لای ئادەم (باوكی مرۆڤایەتی)، دەڕۆن بۆ لای ئادەم وباسی فەزڵی دەكەن، بۆئەوەی شەفاعەتیان بۆ بكات لەلای الله -عز وجل-، پێی دەڵێن: تۆ ئادەمیت وباوكی مرۆڤایەتیت، خوای گەورە بەدەستەكانی تۆی خوڵقاندووە، وفەرمانی كرد فریشتەكان سوجدەت بۆ ببەن، وناوی هەموو شتێكی فێركردیت، وڕۆحی بەبەردا کردویت، وعوزر خوایی دێنێتەوە ودەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، پاشان گوناهەكەی باسدەكات، ئەویش ئەوەیە خوای گەورە -سبحانه وتعالی- نەهی لێكرد لە دارێک بخوات؛ بەڵام ئەو لە دارەكەی خوارد، وئادەم دەفەرمووێت: نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای نوح پاشان دێن بۆ لای نوح، ودەڵێن: تۆ یەكەم نێردراوی (ڕەسولی) خودایت بۆ خەڵكی سەر زەوی، وخوای گەورە بە بەندەیەكی سوپاسگوزار ناوی هێناویت، بەڵام نوح داوای لێبووردن دەكات، ودەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، نزایەكم هەبوو كە دەستبەجێ وەڵامدەدرایەوە؛ وئەو نزایەم كرد لەسەر گەلەكەم، نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای ئیبراهیم. پاشان دێن بۆ لای ئیبراهیم، ودەڵێن: تۆ خەلیلی خودایت لەنێو خەڵكی سەر زەوی، (خەلیل: واتا ئەوپەڕی پلەی خۆشەویستی)، شەفاعەتمان بۆ بكە لەلای پەروەردگارت، ئایا نابینی لە چی حاڵێكداین؟! ئیبراهیم دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، من سێ درۆم كردووە؛ ئەویش ئەوەیە كاتێك ووتی: من نەخۆشم، وكاتێك ووتی: گەورەكەیان ئەمەی كرد، وكاتێك بە سارای ووت: بڵێ من براتم بۆئەوەی سەلامەت بێت لە زیان وشەڕ. هەق وڕاستی ئەوەیە ئەمانە قسەی ناڕاستەوخۆن ودرۆ نین، بەڵام چونكە شێوەیان لە شێوەی قسەی درۆ دەچێت؛ نیگەرانە سەبارەتیان وخۆی بە بچووك دادەنێت لەئاست شەفاعەت كردن، چونكە هەركەسێك زیاتر خودا بناسێت وزیاتر لێی نزیك بێت ئەوا ترسی لە خودا زیاترە، ودەفەرمووێت: نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای موسا. پاشان دێن بۆ لای موسا، ودەڵێن: ئەی موسا تۆ پێغەمبەری خودایت، وخوای گەورە فەزڵ وپلەی بەرزی پێبەخشیوویت بە پەیامەكەی وبە قسە كردنی لەگەڵت، شەفاعەتمان بۆ بكە لەلای پەروەردگار، ئایا نابینی لە چی حاڵێكداین؟! موسا دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، من كەسێكم كوشت؛ لەكاتێكدا فەرمانم پێنەكرابوو بە كوشتنی، نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای عیسای كوڕی مەریەم. پاشان دێن بۆ لای عیسا، ودەڵێن: ئەی عیسا تۆ پێغەمبەری خودایت، وبەفەرمانی خودا لە سکی دایکتدا دروست بویت، وكاتێك كۆرپە بوویت قسەت لەگەڵ خەڵكیدا كردووە، شەفاعەتمان بۆ بكە لەلای پەروەردگار، ئایا نابینی لە چی حاڵێكداین؟! موسا دەفەرموێت: ئەمڕۆ پەروەردگارم توڕەبوونێک توڕە بووە، نە لەمەوبەر وا توڕە بووە ونه لەمەودوا وا توڕە دەبێت، وهیچ گوناهێكی باس نەكردوووە ئەنجامی دابێت، وفەرمووی: نەفسی خۆم شایستەیە شەفاعەتی بۆ بكەم، بڕۆن بۆ لای یەكێكی تر، بڕۆن بۆ لای موحەممەد. پاشا دێن بۆ لای موحەممەد، ودەڵێن: ئەی موحەممەد تۆ كۆتا پێغەمبەری خودایت، وخوای گەورە لە گوناهەكانی ڕابردوو وداهاتووت خۆش بووە، شەفاعەتمان بۆ بكە لەلای پەروەردگار، ئایا نابینی لە چی حاڵێكداین؟! پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرمووێت: دەچم بۆ ژێر عەرش، وسوجدە دەبەم بۆ پەروەردگارم -عز وجل-، پاشان خوای گەورە ئیلهام وڕێنموێنیم پێدەبەخشێت بۆ ووتنی هەندێك ستایش وحەمد وسوپاسكردن؛ كە لە پێشوودا بە هیچ یەكێك نەبەخشراوە، پاشان دەووترێت: ئەی موحەممەد؛ سەرت بەرز بكەرەوە، داوا بكە؛ پێت دەبەخشرێت، وشەفاعەت بكە؛ بۆت جێبەجێ دەكرێت، ئەویش سەری بەرز دەكاتەوە، ودەفەرموێت: ئەی پەروەردگار ئومەتەكەم، ئەی پەروەردگار ئومەتەكەم، ئەی پەروەردگار ئومەتەكەم، بۆیە شەفاعەتەكەی قەبوڵ دەكرێت. وپێی دەووترێت: ئەی موحەممەد ئەوانەی لێپرسینەوەیان لەسەر نییە لە ئومەتەكەت؛ لە دەرگای ڕاستی بەهەشتەوە بیانبە بەرەو بەهەشت، لەكاتێكدا ئەوان بەشداری خەڵكین لە دەرگاكانی تریشدا. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: سوێند بە ئەوەی نەفسی منی بەدەستە، دووری نێوان چوارچێوەی دەرگاكانی بەهەشت وەك دووری نێوان مەككە وسەنعایە لە یەمەن، یان وەكو دووری نێوان مەككە وبوسڕایە لە شام -بوسڕا: واتا شاری حەوران-.فوائد الحديث
خاكی وسادەیی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- و وەڵامدانەوەى دەعوەتیەکان، وخواردن خواردنی لەگەڵ هەموو هاوەڵاندا وبەبێ جیاوازی.
فەزڵ وپلە وپایەى پێغەمبەرمان -صلى اللە علیە وسلم- بەسەر هەموو خەڵكیەوە.
قازی عیاز دەڵێت: ووتراوە: (گەورە: سەید) ئەو كەسەیە كە پلەی بەرزە لە نێو گەلەكەیدا وهانای بۆ دەبردرێت لەكاتی تەنگانەدا، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گەورەی هەموو خەڵكیە لە دونیا وقیامەتدا، وئەو بەتایبەتی باسی قیامەتی كرد چونكە گەورەیی باڵا دەست دەبێت تێیدا، وهەموو كەسێك دان دەنێت بە پلەو پایەی، وئادەم وهەموو منداڵەكانی لە ژێر ئاڵای ئەودا دەبن -صلى اللە علیە وسلم-.
خواى گەورە ئلیهامی بەخشی بە خەڵکی بەوەى سەرەتا پرسیار لە ئادەم وئەوانى تر بکەن، نەک سەرەتا لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیار بکەن، حیکمەت لێرەدا بۆ دەرخستنی فەزڵ وپلە وپایەى پێغەمبەرمانە -صلى اللە علیە وسلم-، چونکە ئەو لە لوتکەدایە لە پلەی بەندایەتی ونزیکی لە پەروەردگار.
هەرکەسێک بیەوێت داواى شتێک لە یەکێکی تر بکات؛ ڕەواو وگونجاوە کە بە جوانترین شێوە وەسفی داواکراوەکە بکات، چونكە ئەمە ئەگەری وەڵامدانەوەی زیاتر دەكات.
کەسێک پرسیاری شتێکی لێبکرێت ونەتوانێت ئەنجامی بدات؛ دروستە داواى لێبووردن بکات بەو شێوەیەى قبوڵكراوە، وسوننەتە ڕێنیشاندەری پرسیاركار بێت بۆ لای كەسێك کە پێی وایە دەتوانێت ئەنجامی بدات.
ڕوونکردنەوەى ترسناکی وناڕەحەتی وەستانی ڕۆژی مەحشەر لەسەر بەندەکان وقورسی لێپرسینەوە لە ڕۆژی قیامەتدا.
خاكی وسادەیی پێغەمبەران چونکە باسی ئەو شتانەیان کرد کە پێشتر کردوویانە؛ بۆئەوەى ببێتە پۆزشێك کە نەتوانن ئەم داوا گەورەیە جێبەجێ بکەن.
جەختکردنەوە لەسەر شەفاعەتی گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا، وئەمیش بۆ دەستپێكردنی دادوەری كردنە لە نێوان خوڵقێنراوەكاندا.
جەختکردنەوە لەسەر وەسیلەت -بەرزترین پلە لە بەهەشت- وپلە ستایشكراوەکە -مقام المحمود- بۆ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-.
حەمد وسوپاسکردنی خواى گەورە هەرگیز کۆتایی نایەت؛ بۆیە خواى گەورە ئیلهامێكی جوانی ستایشکردن دەبەخشێت بە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- کە پێشتر بە هیچ کەسێک نەبەخشراوە.
ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئومەتی موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم- باشترین وخێرترین ئومەتە، وتایبەتمەندی خۆیان هەیە چونکە ئەوانەیان كە لێپرسینەوەیان لەسەر نییە لە دەرگایەکی تایبەتەوە دەچنە بەهەشتەوە، وبەشداری خەڵکیشن لە دەرگاکانى تریشدا.
التصنيفات
ژیانی ڕۆژی دوایی